Accessibility links

یه‌مه‌ن گه‌ڕان و پـشکنینه‌کانی خۆی به‌ دوای گومانباران له‌ پـیلانی ناردنی بۆمبه‌کان بۆ ئه‌مه‌ریکا فراوانتر ده‌کات


شوێنی یه‌ک له‌و ئۆفیسی پـۆستانه‌ی بۆمبه‌کانی لێ ڕه‌وانه‌کراوه‌ له‌ سه‌نعای پایته‌ختی یه‌مه‌ن، شه‌ممه‌ 30 ی ده‌ی 2010
شوێنی یه‌ک له‌و ئۆفیسی پـۆستانه‌ی بۆمبه‌کانی لێ ڕه‌وانه‌کراوه‌ له‌ سه‌نعای پایته‌ختی یه‌مه‌ن، شه‌ممه‌ 30 ی ده‌ی 2010

یه‌مه‌ن ده‌گه‌ڕێت به‌ دوای گۆمانبارانی زیاتر که‌ ده‌سـتیان هه‌بووبێت له‌و پـیلانه‌ی دانربوو بۆ ناردنی بۆمب بۆ ئه‌مه‌ریکا له‌ ڕێی پـۆسـته‌وه‌.

ده‌سه‌ڵاتداران له‌ یه‌مه‌ن کچێـکی خوێندکاری کۆلێژی ئه‌ندازیاری و دایکیان ده‌سـتگیرکردووه‌ به‌ گومانی ئه‌وه‌ی ده‌سـتیان له‌ پـیلانه‌که‌دا هه‌بووبێت. پارێزه‌رێک ده‌ڵێت کچه‌که‌ ناوی حه‌نان ئه‌لسماویـیه‌ و ته‌مه‌نی 22 سـاڵ و خوێندکاری زانکۆی سه‌نعایه‌ و هیچ په‌یوه‌ندیـیه‌کی به‌ کۆمه‌ڵه‌ توندڕه‌وه‌کانه‌وه‌ نیـیه‌ و له‌وانه‌یه‌ خه‌ڵه‌تێنرابێت.

کاربه‌ده‌سـتان گوتوویانه‌ حه‌نان ئه‌لسماویـیان ده‌سـتگیرکردووه‌‌ له‌سه‌ر بنچینه‌ی ئه‌و زانیاریانه‌ی له‌ ئه‌مه‌ریکاوه‌ به‌ ده‌سـتیان گه‌یشـتووه‌ و تیایدا هاتووه‌ ئه‌و به‌سـته‌ پـۆستانه‌ی بۆمبه‌کانی پێ ڕه‌وانه‌کراون ژماره‌ ته‌له‌فونی ئه‌وی له‌سه‌ر بووه‌.

کاربه‌ده‌سـتان ده‌ڵێن بۆمبه‌کان له‌‌ نێو کارتریجی مه‌ره‌که‌بی برنته‌ری کۆمپـیوته‌ردا شـاردرابوونه‌وه‌‌ و له‌ یه‌مه‌نه‌وه‌ به‌ پـۆست ڕه‌وانه‌کرابوون، یه‌کێـکیان تا فڕۆکه‌خانه‌یه‌کی به‌ریتانیا گه‌یشـتووه‌ و ئه‌وی دیکه‌یان تا فڕۆکه‌خانه‌یه‌کی میرنشینه‌ یه‌کگرتووه‌کانی عه‌ره‌ب. کاربه‌ده‌سـتانی ئه‌مه‌ریکایی ده‌ڵێن ئاڵۆزی بۆمبه‌کان‌ نیشـان ده‌دات ده‌ستی ئه‌لقاعیده‌ی تێدایه‌.

XS
SM
MD
LG