Accessibility links

ژمارەیەک دیپـلۆماتی ئەمەریکایی و کەنەدی لە کوبا دووچاری نەخۆشی دەبن


کاربەدەستانی ئەمەریکا و کەنەدا دەسـتیانکردووە بە لێکۆڵینەوە لە مەسەلەی سەرهەڵدانی نیشانەکانی چەند نەخۆشیەک لە نێو دیپـلۆماتەکانیاندا لە هاڤانی پایتەختی کوبا، دەڵێن گومان دەکرێت بە چەکێـکی نهێنی دەنگ تووشکرابن.

هێزەر ناوەرت خانمە گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دوێنێ پـێنجشەممە لەم بارەیەوە گوتی لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ دەستنیشانکردنی هۆکاری نەخۆشکەوتنی ئەو دیپـلۆماتانە، بەڵام واشنتن کۆبا تاوانبار ناکات بەوەی ڕاستەوخۆ لە پشت ڕووداوەکەوە بێت. گوتیشی ژمارەیەک دیپـلۆماتی ئەمەریکایی تووشی نەخۆشی جۆراوجۆربوون و بۆ چارەسەر گەڕاونەتەوە بەرەو ئەمەریکا.

باسی لەوەش کرد دیپـلۆماتەکان لە ساڵی 2016 وە نیشانەکانی نەخۆشیـیان تیادا دەرکەوتبوو، بەڵام وەکو نیشانەی نەخۆشی ئاسایی لێیان ڕوانیوە.

ژمارەیەک کاربەدەست بە کەناڵی تەلەفیزیۆنی CNNیان گوتووە ئەو دیپـلۆماتانەی تووشبوون ڕەنگە لە ناو یان دەرەوەی شوێنی کارەکانیاندا لە هاڤانا بە ئامێرێـکی دەنگی لێـیان درابێت.

لە کەنەداش، بریان ماکسوێڵ خانمە گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە پشـتڕاستی کردەوە کە دیپـلۆماتێـکی کەنەدیش دووچاری حاڵەتێـکی لەو شێوەیە بووە. گوتیشی ئەوان ئاگادارن لەوەی نیشانەی نەخۆشی نائاسایی لە نێو دیپـلۆماتانی کەنەدی و ئەمەریکایی و خێزانەکانیان لە هاڤانا دەرکەوتووە.

وەزارەتی دەرەوەی کوبا لای خۆیەوە گوتی کاربەدەستانی ئەمەریکا لە 17 ی مانگی دووی ئەمساڵ ئاگاداریان کردوونەتەوە لەوەی "گوایە ژمارەیەک لە دیپـلۆماتان و خێزانەکانیان تووشی نەخۆشی جۆراوجۆر بوون."

هەندێـک وڵات چەکی دەنگی و سەروو دەنگیـیان دروستکردوون بۆ بڵاوەپـێکردنی خۆپـیشاندەران یان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی چەتەکانی دەریا بەبێ ئەوەی پەنا بۆ بەکارهێنانی چەک بەرن. بەڵام نەبیستراوە پـێشتر چەک و ئامێری لەم جۆرە لەلایەن دەزگا هەواڵگریـیەکان یان تێرۆرستان لە دژی دیپـلۆماتان بەکارهێنرابێت.

XS
SM
MD
LG