پۆلیسی کالیفۆرنیا دەڵێت لە تەقەکردنێکدا لە کڵێسایەک لە باشووری کالیفۆرنیا کەسێک گیانی لەدەستداوە و چوار کەسی دیکە بە سەختی برینداربوون. گومانلێکراوەکەش دەستگیرکراوە.
بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی ئۆڕنج کاونتی وتی پێش کاتژمێر 1:30 خولەکی دوانیوەڕۆ هەواڵی تەقەکردنێکمان لە کڵێسای جێنێڤا پرێزبەتریان شاری لاگونا وودزەوە پێگەیشت.
پۆلیس وتی سەرجەم قوربانییەکان کەسانی پێگەیشتوون بوون و کەسی پێنجەمییان بە سووکی برینداربووە.
پۆلیس گومانلێکراوەکەی دەستبەسەرکردووە کە پیاوێکی پێگەیشتووە و چەکێکیان لە شوێنی ڕووداوەکەش دۆزیوەتەوە. تاوەکو ئێستا نەزاندراوە بەدیاریکراوی لەکوێی ناو کڵێساکەدا تەقەکردنەکە ڕوویداوە.
وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی ناوچەکە کاری براون وتی نزیکەی 30 کەس شایەتحاڵی توندوتیژییەکە بوون. باوەڕوایە زۆربەی ئەوانەی لەناو کڵێساکەدا بوون بە ڕەچەڵەک تایوانی بووبێتن.
لێکۆڵەرەوان تاوتوێی کۆمەڵێک هۆکار دەکەن، لەوانەش : ئایا خوێنڕشتنەکە تاوانێکی ڕق و کینە بووە یاخود ئایا خەڵکی کڵێساکە چەکدارەکەیان ناسیوە یاخود نا.
زیاتر لە لە سەدا 80 ی 18,000 دانیشتووەکەی شاری لاگونا وودز تەمەنیان لانی کەم لە 65 ساڵیدایە، شارەکە دەکەوێتە باشووری ڕۆژئاوای لۆس ئانجلسەوە.
ئۆفیسی فەرمانڕەوانی کالیفۆرنیا گاڤین نیوسەم وتی لەنزیکەوە چاودێری ڕەوشەکە دەکەین.
وتی " نابێت هیچ کەسێک لە ڕۆیشتنی بۆ پەرستگاکەی بترسێت، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی سەرجەم قوربانییان و هەموو ئەوانەش دەکەین کە ئەم ڕووداوە کاری تێکردوون."
تەقەکردنەکە ڕۆژێک دوای ئەوە دێت چەکدارێکی سپی پێستی تەمەن 18 ساڵ لە سوپەرمارکێتێکی شاری بەفەڵۆی ویلایەتی نیویۆرک 10 کەسی بە فیشەک کوشت.
سەرچاوە/ ئەسۆشیەتد پرێس
پۆلیس: بەهۆی تەقەکردنێکەوە لە کڵێسایەک لە کالیفۆرنیا کەسێک گیانی لەدەستدا و پێنج کەسی دیکە برینداربوون
