Accessibility links

سیناتی ئەمەریکا پـرۆژە بڕیارێک بۆ کۆتایی‌هێنان بە داخستنی حکومەتی فیدراڵی پەسەند دەکات


سیناتی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەنگیان دا لەسەر پلانی خەرجییەکی کاتی بۆ کردنەوەی تەواوەتی حکومەتی فێدراڵی پاش سێ ڕۆژ لەو داخستنە کاتییەی لە ڕۆژی شەممەوە دەستیپێکرد.

سیناتۆرەکان ئەو بەرنووسەیان بە دەنگی 81 بەرامبەر 18 پەسەندکرد کە ڕێگە دەدات بە دامەزراوەکانی حکومەتی فیدراڵی هەتا ڕۆژی 8 ی مانگی دوو کاری ئاسایی خۆی بکات.

ئەم پەسەندکردنەش لە سینات دوابەدوای ئەو دڵنیاکردنەوەیەی دیموکراتەکان بووە لەلایەن سیناتۆر مچ مککۆنەڵ ڕێبەری کۆمارییەکانی زۆرینە لە سیناتدا.

دڵنیاکردنەوەکەش سەبارەت بە دەنگدان بووە لە چەند هەفتەی داهاتوودا لەسەر پاراستنی مافی نزیکەی 800 هەزار کۆچبەری نایاسایی و ڕێگەگرتن لە ناردنەوەیان بۆ وڵاتەکانی خۆیان.

بەر لەوەی بڕیار لەسەر کۆتاییهێنان بە قەیرانی داخستنی حکومەت بدەن، دیموکراتەکان داوای دڵنیابوونێکی تۆکمەیان دەکرد هەتا لە سیناتدا تاووتوێی چارەنوسی ئەو کۆچبەرانە بکرێت کە لە تەمەنێکی منداڵیدا لەگەڵ باوانیاندا هێنراونەتە ئەمەریکاوە.

چارلس شومەر، ڕێبەری دیموکراتەکان لە سینات دەڵێت سیناتۆر مککۆنەڵ دڵنیای کردۆتەوە ئەگەر ئەو دۆسێی کۆچبەرییە هەتا ڕۆژی 8 ی مانگی دوو چارەسەر نەکرا، ئەوا دەسبەجێ دوای ئەو ڕۆژە سینات بڕیاری خۆی دەدات.

ئەم بەرنووسە بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەی داخستنی حکومەت پێویستە لەلایەن ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانیشەوە پەسەند بکرێت، کە دیارە هەر پەسەندی دەکات، ئەوجا بۆ مۆرکردنی و بوونی بە بڕیار دەبرێتە کۆشکی سپی هەتا سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا واژۆی بکات.

XS
SM
MD
LG