Accessibility links

بلینکن ڕووسیا بە تۆمەتی بەکارهێنانی خۆراک وەکو چەک لە ئۆکرانیا تۆمەتبار دەکات


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن ڕووسیای بە تۆمەتی بەکارهێنانی خۆراک وەکو چەک لە ئۆکرانیا تۆمەتبار کرد، ئەوەش لەڕێی " گرتنی " ئەو خۆراکەوە کە نەک تەنها ملیۆنان هاوڵاتی ئۆکرانی بەڵکو ملیۆنان کەسی دیکە کە پشت بە هاوردەکردنی خۆراکی ئۆکرانی دەبەستن لە سەرانسەری جیهاندا پێویستیان پێیەتی.

بلینکن لەمیانەی لێدوانەکانیدا بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، داوای لە ڕووسیا کرد کۆتایی بە گەمارۆدانی بەندەرەکانی ئۆکرانیا بهێنێت.

بلینکن وتی " وادیارە حکومەتی ڕووسیا پێی وایە بەکارهێنانی خۆراک وەکو چەکێک ئامانجە دەپێکێت کە داگیرکارییەکەی نەیتوانیوە بیپێکێت، ئەویش شکاندنی ئیرادەی گەلی ئۆکرانیایە."

وتیشی " ئەو خۆراکەی کە دەبێت بدرێت بە ملیۆنان خەڵک لە ئۆکرانیا و ملیۆنان خەڵکی دیکە لە سەرانسەری جیهاندا بەتەواوەتی لەلایەن سوپای ڕووسیاوە گیراوە."

جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا بووەتە هۆی زیادبوونی نرخەکانی گەنم و زەیت و بەنزین لە سەرانسەری جیهاندا.

ڕووسیا و ئۆکرانیا پێکەوە یەک لەسەر سێی گەنمی جیهان دابین دەکەن. ئۆکرانیا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین گەنمەشامی و جۆ و زەیتی گڵۆبەڕۆژە و زەیتی تۆوی ڕەز هەناردەی دەرەوە دەکات، هاوکات ڕووسیا و بێلاڕووسی هاوپەیمانی زیاتر لە سەدا 40 ی پۆتاس و خۆراکی بەرهەمی جیهان دابین دەکەن.

باڵیۆزی ڕووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڤاسێلی نیبینزیا وتی " بەتەواوەتی ئەوە هەڵەیە " کە ڕووسیا بە بەرپرس دابنرێت لەسەر قەیرانی خۆراکی جیهان کە ماوەی چەند ساڵێک ئەو قەیرانە لە پەرەسەندندایە.

وتیشی ئەو سزایانەی ڕۆژئاوا سەپاندوویانە بەسەر ڕووسیادا کاریگەرییەکی زۆری هەبووە لەسەر هەناردەکردنی خۆراک و پەینی ڕووسیا. بلینکن بانگەشەکەی ڕووسیای ڕەت کردەوە کە گوایە سزاکان بوونەتە هۆی خراپبوونی قەیرانی خۆراک لە جیهاندا.

بلینکن وتی " بڕیاری بەکارهێنانی خۆراک وەکو چەک بڕیاری مۆسکۆیە بە تەنها. لە ئەنجامی کارەکانی حکومەتی ڕووسیادا نزیکەی 20 ملیۆن تەن گەنم لە سایلۆکانی ئۆکرانیادا بەبێ سوود ماونەتەوە، ئەوەش دەبێتە هۆی زیادبوونی نرخەکان و زۆرێک لە هاوڵاتیانی جیهان ڕووبەڕووی ناسەقامگیری خۆراک دەبنەوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG