Accessibility links

بلینکن: ئەمەریکا و هاوپەیمانان بەرگری لە دژی هەر جۆرە هەر دوژمنکارییەک لە لایەن کۆریای باکوورەوە دەکەن


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن بەڵێنیدا ئەمەریکا و هاوپەیمانان بەرگری دەکەن دژی هەر " دوژمنکارییەک " لەلایەن کۆریای باکوورەوە، ژاپۆن و کۆریای باشووریش بەشدارییان کرد لە داواکاندا بۆ سزادانی پیۆنگیانگ لەسەر تاقیکردنەوەی موشەکی کیشوەربڕ.

ئەنتۆنی بلینکن لە پەراوێزی کۆبوونەوەکەی وڵاتانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیادا لە جاکارتا لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی ژاپۆن و کۆریای باشووردا کۆبووەوە، سەرجەمییان کارەکانی پیۆنگیانگییان سەرکۆنە کرد کە بلینکن بە " کاری وروژێنەرانە " ناویبرد.

بلینکن وتی " ئێمە پێکەوە بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە لە بەرگرییەکی هاوبەشی یەکگرتووداین و دڵنیا دەبینەوە لەوەی کە هەمووشتێک بکەین بۆ بەرگریکردن و ڕێگریکردن دژی هەر دوژمنکارییەک."

دواتر بەیاننامەیەکی هاوبەش بڵاوکرایەوە و تێیدا هاتووە دەڵێت پابەندبوونی ئەمەریکا بە بەرگریکردن لە دوو هاوپەیمانی پەیوەست بە پەیماننامەوە " ئاسنینە و لەلایەن تەواوی تواناکانەوە بە توانای ئەتۆمیشەوە پشتگیری لێدەکرێت."

واشنتن و تۆکیۆ و سیئۆل بەڵێنیشیاندا فشار بکەن بۆ جێبەجێکردنی " تەواوی ئەو سزایانەی " کە پێشتر بەسەر کۆریای باکووردا سەپێندراون.

لە بەیاننامەکەدا ئاماژەش بەوە دراوە " سێ وڵاتەکە بەردەوام دەبن لە کارکردن پێکەوە لە نزیکەوە لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بۆ ڕێگریکردن لە کارەکانی کۆریای باکوور بۆ بە دەستهێنانی داهاتی نایاسایی لە ڕێی کرێکارانی دەرەوەی وڵات و چالاکییە ئەلیکترۆنییە زیانبەخشەکانەوە، کە بۆ یارمەتیدانی دارایی بەرنامە ئەتۆمییەکەی بەکاردەهێندرێت."

چین و ڕووسیا کە هەردووکییان ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی نەتەوە یەکگرتووەکانن و مافی بەکارهێنانی ڤیتۆیان هەیە دژی هەر پڕۆژە بڕیارێکی ئەنجومەنەکە، لەم چەند مانگەی ڕابردوودا ئەوەیان خستۆتە ڕوو کە هەوڵی ئەوە نادەن سزای توندتر بسەپێندرێت بەسەر کۆریای باکووردا.

کۆریای باکوور ڕایگەیاند ڕابەری وڵاتەکە کیم جۆنگ ئون بە تایبەتی سەرپەرشتی هەڵدانی موشەکەکەی کرد لە ڕۆژی چوارشەممەدا، لە مانگی چوارەوە ئەمە دووەمین جارە پیۆنگیانگ ئەو جۆرە موشەکە تاقی دەکاتەوە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG