Accessibility links

بلینکن: ڕووسیا بە هەڵوەشاندنەوەی ڕێکەوتنی هەناردەکردنی گەنمی ئۆکرانیا " خۆراک وەکو چەک " بەکاردەهێنێت


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن

ڕووسیا لە ماوەی ڕابردوودا ڕێکەوتنی هەناردەکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی لە بەندەرەکانی ئۆکرانیاوە بۆ دەرەوە هەڵوەشاندەوە و ڕایگەیاند چیتر پابەندی ڕێکەوتنەکە نابێت.

تاوەکو ئێستا بەهۆی ڕێکەوتنەکەوە ئۆکرانیا توانیویەتی نزیکەی 9 ملیۆن تەن گەنم هەناردەی دەرەوە بکات، ئەوەش یارمەتیدەر بووە لە کەمکردنەوەی قەیرانی خۆراک لە جیهان و کەمکردنەوەی نرخەکاندا.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا گوتی بەهۆی هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئۆکرانیاوە بۆ سەر کەشتییەکانی لە نیمچە دوورگەی کرایمیا لەسەر دەریای ڕەش ڕێکەوتنەکەی هەڵوەشاندۆتەوە. ئۆکرانیا ڕەتی دەکاتەوە دەستی هەبووبێت لە هێرشەکەدا.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند " لە هەڵوەشاندنەوەی ئەم ڕێکەوتنەدا، ڕووسیا دووبارە لەو جەنگەدا کە خۆی دەستیپێکردووە خۆراک وەکو چەک بەکاردەهێنێت، ڕاستەوخۆ کاردەکاتە سەر ئەو وڵاتانەی کە داهاتەکانیان کەمن یاخود لە ئاستێکی ناوەنددان، هەروەها کاردەکاتە سەر نرخەکانی خۆراک لە جیهاندا، هەروەها دەبێتە هۆی خراپتر بوونی قەیرانی مرۆیی و ئاسایشی خۆراک."

بلینکن گوتی ئەمەریکا داوا لە " حکومەتی ڕووسیا دەکات دووبارە بەشداری بکاتەوە لە ڕێکەوتنەکەدا و بە تەواوەتی پابەندی ڕێکەوتنەکە بێت، هەروەها کاربکات بۆ دڵنیا بوونەوە لەوەی خەڵکانی سەرانسەری جیهان بەردەوام سوودمەند بن لە ڕێکەوتنەکە."

بڕیارەکەی ڕووسیا ڕۆژێک دوای ئەوە هات سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش داوای لە ڕووسیا و ئۆکرانیا کرد ڕێکەوتنەکە نوێ بکەنەوە.

دەزگای هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێس گوتی سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی دەڵێت ئەم هەنگاوەی ڕووسیا " پێشبینیکراو " بووە. هەروەها ڕووسیای تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی " گەمارۆدانی " ئەو کەشتییانە کە لە مانگی نۆوە گەنمییان پێیە.

XS
SM
MD
LG