Accessibility links

بلینکن بە سەردانێکی ڕانەگەیەندراو دەگاتە کیێڤ


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن و سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی، کیێڤ
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن و سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی، کیێڤ

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی ڕۆژی سێشەممە لە کیێڤی پایتەخت میوانداری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکنی کرد و سوپاسی ئەمەریکای کرد لەسەر " ئەو پاکێجی یارمەتییە گرنگەی " کە بۆ ئۆکرانیای دابین کردووە.

بلینکن بە سەردانێکی ڕانەگەیەندراو گەیشتە کیێڤ و بەرپرسانی ئەمەریکاش دەڵێن مەبەست لە سەردانەکەی " گەیاندنی پەیامێکی بەهێزی دڵنیایی دانەوەیە " لە کاتێکدا کە هێزەکانی ئۆکرانیا ڕووبەڕووی هێرشی بەهێزی سوپای ڕووسیا بوونەتەوە لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەدا و چاوەڕێی گەیشتنی باری چەکە نوێیەکان دەکەن لەلایەن هاوپەیمانەکانییەوە.

زێلێنسکی بە بلینکنی وت سەردانەکەی لە نێوەندی " ماوەیەکی سەختدایە بۆ ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە."

لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا ڕووسیا هێرشەکانی بۆ سەر هەرێمی خارکیڤی باکووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا چڕتر کردەوە.

زێلێنسکی وتی لەگەڵ بلینکندا تاوتوێی وەرگرتنی یارمەتییە نوێیەکانی ئەمەریکا دەکات بۆ ئۆکرانیا بە زووترین کات، هەروەها باس لە پتەوکردنی سیستمە بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئۆکرانیا دەکات، ئۆکرانیا هیوادارە بتوانێت سیستمەکانی بەرگری ئاسمانی پاتریۆت لە ئەمەریکاوە وەربگرێت، لە پێناو پاراستنی خارکیڤدا.

بلینکن وتی ئەمەریکا لەگەڵ هاوبەشەکانی دیکەی ئۆکرانیادا سوورن لەسەر ئەوەی دڵنیا ببنەوە لەوەی ئۆکرانیا هەرچی پێویست بێت بۆی دابین بکرێت بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بێت لە شەڕەکەیدا دژی داگیرکارییەکەی ڕووسیا.

بلینکن وتی " دەزانین ئەم کاتێکی سەختە، بەڵام دەشزانین کە یارمەتییەکان ئێستا بەڕێوەن، هەندێک لەو یارمەتییانە پێشتر گەیشتوون، یارمەتی زیاتریش دەگات، ئەوەش جیاوازییەکی ڕاستەقینە دروست دەکات دژی دوژمنکارییە بەردەوامەکانی ڕووسیا لە گۆڕەپانی جەنگەکەدا."

بلینکن لە ماوەی سەردانەکەیدا لەگەڵ سەرۆک وەزیری ئۆکرانیا دینیس شمیهاڵ و وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دمیترۆ کولێباشدا کۆدەبێتەوە و وتارێک لە کیێڤ پێشکەش دەکات.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ماثیو میڵەر لە بەیاننامەیەکدا وتی بلینکن تاوتوێی " دوایین زانیارییەکان دەکات لەسەر گۆڕەپانی جەنگەکە و کاریگەرییەکانی یارمەتییە نوێیە ئاسایشی و ئابوورییەکەی ئەمەریکا، هەروەها تاوتوێی ئاسایشی درێژخایەن و بەرپرسیارێتییەکانی دیکە و کارەکان دەکات بۆ پتەوکردنی چاکبوونەوەی ئابووریی ئۆکرانیا."

ڕۆژی هەینی ئەمەریکا نوێترین یارمەتی بۆ ئۆکرانیا ڕاگەیاند کە پێکهاتووە لە 400 ملیۆن دۆلار لە بەهای چەک و کەلوپەلی سەربازیی.

ڕۆژی دووشەممە کۆشکی سپی وتی ئەمەریکا " هەرچی لە توانایدا بێت دەیکات " بۆ گەیاندنی چەکەکان بە خێرایی بۆ ئۆکرانیا تاوەکو ئەو وڵاتە بتوانێت لە خارکیڤ ڕووبەڕووی هێرشە زەمینییەکەی ڕووسیا ببێتەوە.

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی جەیک سۆلیڤان وتی " هەرچی لە تواناماندا بێت لە ڕووی مرۆییەوە ئەنجامی دەدەن، خۆمان و هاوپەیمانەکانیشمان." وتیشی یارمەتییە نوێیەکان لە " چەند ڕۆژی داهاتوودا " ڕادەگەیەندرێن.

هێزەکانی ئۆکرانیا کە لە ئێستادا لە دۆخێکی خراپدان، بە پەرۆشەوە چاوەڕێی گەیشتنی یارمەتییە سەربازییە پێویستەکەی ئەمەریکا دەکەن.

هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا ڕۆژی سێشەممە وتی 18 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ڕووسیای خستووەتە خوارەوە، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان ئاڕاستەی هەرێمەکانی چێرکاسی و دۆنێتسک و خێرسۆن و خمیلنیتسکی و کیرۆڤۆهراد و کیێڤ و زاپۆریژا کرابوون.

ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی ئۆکرانیا میخایلۆ پۆدۆلیاک ڕۆژی دووشەممە وتی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن شارەزایەکی بواری ئابووری دەکات بە وەزیری نوێی بەرگری ڕووسیا، ئەمەش ئاماژەیەکە لەسەر ئەوەی کە مۆسکۆ بە نیازە ئابوورییەکی جەنگ بونیاد بنێت.

پۆدۆلیاک بە ڕۆیتەرزی وت " ڕووسیا هەموو ئابوورییەکەی دەخاتە هێڵە سەربازییەکانەوە. وڵاتێکی سەربازیی دەبێت و ئابوورییەکەشی بە تایبەتی بۆ بەرهەمی سەربازیی دەبێت."

ڕۆژی یەکشەممە پوتن ئاندرێ بیلۆسۆڤی تەمەن 65 ساڵی وەکو وەزیری نوێی بەرگری ڕووسیا دەستنیشانکرد. بیلۆسۆڤ پێشتر جێگری سەرۆک وەزیر بووە و شارەزایەکی بواری ئابوورییە.

کرێملن وتی وەزیری پێشووی بەرگری ڕووسیا سێرگێی شوێگۆ دەبێتە سکرتێری ئەنجومەنی بەهێزی ئاسایشی ڕووسیا و بەرپرسیارێتی کەرتەکانی سەربازیی و پیشەسازیی لەسەر شان دەبێت.

پۆدۆلیاک وتی " بەبێ هیچ گومانێک ئەم گۆڕانکارییانەی کە ئەمڕۆ دەیانبینین بەڵگەن لەسەر گۆڕانی تەواوەتی فیدراسیۆنی ڕووسیا."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا، هەندێک لە زانیارییەکانیش لە AP و فرانس پرێس و ڕۆیتەرزەوە وەرگیراون.

XS
SM
MD
LG