وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن ڕۆژی هەینی لەگەڵ بەرپرسانی ئیسڕائیلدا لە تەل ئەڤیڤ کۆبووەوە، ئەمەش لە هەوڵێکی نوێدا بۆ گەیشتن بە ئاگربەستێک لە نێوان ئیسڕائیل و حەماسدا، لە کاتێکیشدایە کە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادەکاری دەکات بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژە بڕیارێکی ئەمەریکا کە تێیدا داوای ئاگربەستێکی " دەستبەجێ " دەکات.
بلینکن ڕاستەوخۆ لەگەڵ سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهودا کۆبووەوە، دواتریش لەگەڵ کابینەی جەنگی ئەو وڵاتەدا کۆبووەوە، ئەمەش لە هەوڵێکدا بۆ ڕازیکردنییان تاوەکو هێرش نەکەنە سەر ڕەفەحی باشووری غەززە. زۆرێک بڕوایان وایە هێرشکردنە سەر ڕەفەح کە زیاتر لە نیوەی دانیشتووەکەی غەززە ڕوویان تێکردووە و وەکو پەناگە بەکارییان هێناوە، تەنها دەبێتە هۆی خراپتربوونی قەیرانەکان لە کەرتی غەززەدا.
ئیسڕائیل دەڵێت هێرشە پلان بۆ داڕێژراوەکە پێویستە بۆ گەیشتن بە ئامانجی لە ناوبردنی حەماس و دڵنیاییدان لەسەر ئەوەی حەماس چیتر نەتوانێت هێرشێکی دیکەی هاوشێوەی هێرشەکانی 7 ی مانگی 10 بۆ سەر ئیسڕائیل ئەنجام بداتەوە.
پێشبینی دەکرێت ئەمەریکا ڕۆژی هەینی پڕۆژە بڕیارێک پێشکەشی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بکات، وتەبێژێکی باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لیندا تۆماس گرینفیڵد لە بەیاننامەیەکدا وتی پڕۆژە بڕیارەکە " پشتیوانی لە هەوڵە دیبلۆماتییەکان دەکات کە ئامانج لێیان گەیشتنە بە ئاگربەستێکی دەستبەجێی لە غەززەدا، ئەوەش لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی بارمتەکاندا."
بەرپرسانی ئەمەریکا گفتوگۆیان لەسەر نوسراوێک کردووە کە سەنگ دەخاتە سەر ئاگربەستێکی شەش هەفتەیی و ئازادکردنی ئەو بارمتانەی کە لەلایەن حەماسەوە گیراون، لە بەرامبەریشدا ئازادکردنی ئەو فەلەستینییانەی کە لەلایەن ئیسڕائیلەوە گیراون.
ڕۆژی پێنجشەممە بلینکن سەردانی میسڕی کرد و بە هەمان شێوە سەنگی خستبووە سەر گەیشتن بە ئاگربەستێک لە غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان و گەیاندنی یارمەتی مرۆیی زیاتر بۆ ناو غەززە، ئەوەش لە پێناو یارمەتیدانی ئەو فەلەستینییانەدا کە بە شێوەیەکی بەرچاو پێویستییان بە یارمەتییە.
ڕۆژی پێنجشەممە بلینکن لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە گفتوگۆکانی لە قاهیرەی پایتەختی میسڕ وتی " کۆدەنگییەکی ئاشکرا هەیە سەبارەت بە ژمارەیەک ئەرکی سەرەکی. یەکەم: پێویستییەکان بۆ ئاگربەستێکی بەردەوامی دەستبەجێ بە ئازادکردنی بارمتەکانیشەوە."
وتیشی ئاگربەست بوارێک دروست دەکات بۆ گەیشتنی یارمەتی مرۆیی زیاتر. بلینکن ئاماژەشی بەوەدا دانوستکاران بەردەوامن لەسەر کارکردن لەسەر ڕێککەوتنێکی ئاگربەست.
بلینکن لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەدا وتی " بۆشاییەکان کەمتر دەبنەوە، ئێمەش بەردەوامین لە هەوڵەکانمان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لە دەوحە. هێشتا کاری قورس ماوە ئەنجام بدرێن، بەڵام بەردەوام باوەڕم وایە ئەوە دەکرێت."
وتی " بۆشاییەکانمان داخست، بەڵام هێشتا ماون، لەبەرئەوە ناتوانم کاتێکی بۆ دیاریی بکەم. دەتوانم هەر ئەوەندە بڵێم کە ئێمە هەرچی لە تواناماندا بێت دەیکەین بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک."
خاڵی سەرەکی گفتوگۆکان ئەوە بووە کە حەماس دەڵێت بارمتەکان تەنها لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکدا ئازاد دەکات کە کۆتایی بە جەنگەکە بهێنێت، بەڵام ئیسڕائیل دەڵێت تەنها بیر لە ئاگربەستێکی کاتی دەکاتەوە نەک هەمیشەیی.
زیاتر لە یەک ملیۆن فەلەستینی ئێستا ڕەفەحییان وەکو پەناگەیەک بەکارهێناوە، زۆربەیان لە بەشەکانی دیکەی غەززەوە لە دەست هێرشەکانی ئیسڕائیل هەڵاتوون بۆ ڕەفەحی باشووری غەززە.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا