Accessibility links

ئەمەریکا هێشتا دڵنیا نیە لەوەی ئێران بیەوێت پابەندی ڕێکەوتنە ناوەکییەکە ببێت


ئەمەریکا کە ماوەی چوار مانگە بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێراندا تاوتوێی زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنە ناوەکییەکە دەکەن وتی هێشتا دڵنیا نیە لەوەی ئێران بیەوێت پابەندی ڕێکەوتنەکە ببێت.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن بە لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکای وت " وەکو دەزانن چەند مانگێکە بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ قسەمان لەسەر بابەتەکە کردووە، بەڵام هێشتا ڕوون نیە کە ئایا ئێران دەیەوێت دووبارە پابەندی ڕێکەوتنەکە ببێتەوە یاخود نا."

وتیشی " هێشتا لەوە دەکۆڵینەوە."

لە ساڵی 2018 دا سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان کشایەوە و هۆکاری ئەوەشی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی ڕێکەوتنەکە بەس نیە بۆ ڕێگەگرتن لە ئێران لەوەی ببێتە خاوەنی چەکی ناوەکی. دواتر سەرجەم سزاکانی بەسەر تاراندا سەپاندەوە، لەلای خۆشیەوە ئێران بەرپرسیارێتیەکانی خۆی لە ڕێکەوتنەکەدا کەمکردەوە.

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لە ماوەی ڕابردوودا ئاماژەی بەوەداوە دەیەوێت بگەڕێتەوە سەر ڕێکەوتنەکە، بەڵام بە مەرجی ئەوەی ئێران دووبارە پابەندی سەرجەم بەرپرسیارێتیەکانی ببێتەوە.

لە مانگی چوارەوە ئەمەریکا و ئێران لە ڤییەنا لەڕێی وڵاتانی دیکەی بەشدار لە ڕێکەوتنەکە ( بەڕیتانیا و چین و فەڕەنسا و ئەڵمانیا و ڕوسیا ) وە بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ تاوتوێی دووبارە زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنە ناوەکییەکەیان کردووە.

بلینکن وتی " تەنانەت هێشتا لە قۆناغێکدا نین پابەندبوون بە پابەندبوون وەڵام بدەینەوە، ئێمە نازانین لە ڕاستیدا ئەوە ڕوودەدات یاخود نا."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG