Accessibility links

ئەمەریکا چەند کۆمپانیایەک بەهۆی یارمەتیدانی سوپای ڕووسیاوە دەخاتە لیستی ڕەشەوە


بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن 24 کۆمپانیا و لایەنی دیکەی خستە لیستی ڕەشەوە، ئەوەش بەهۆی پشتیوانیکردن لە سوپای ڕووسیا یاخود پیشەسازی بەرگری ئەو وڵاتە و پشتیوانیکردن لە چالاکییە ئەتۆمییەکانی پاکستان و کۆمپانیایەکی کارەبای ئێران.

وەزارەتی بازرگانی ئەمەریکا وتی لایەنەکان کە بنکەکانیان لە لاتیڤیا و پاکستان و ڕووسیا و سینگاپوور و سویسرایە، بەهۆی نیگەرانی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکاوە خراونەتە لیستەکەوە.

کۆمپانیاکان بریتین لە فایبەر ئۆپتیک سۆلوشنس لە لاتیڤیا، کۆمپانیای ئەی ئۆ کرافتوای ڕووسی کە خۆی بە یەکێک لە گەورەترین کۆمپانیاکانی زانیاری تەکنەلۆجیا دەزانێت لە ڕووسیادا. هەروەها ناوەندی توێژینەوەی زانستی ئەی ئۆی ڕووسیش لە لیستەکەدایە، کۆمپانیای فایبەرسێنس و کۆمپانیای ئۆپتۆلین و مایکرۆئێلیکترۆنیک و میلور سای سویسری و کۆمەڵێک کۆمپانیای دیکە خراونەتە لیستەکەوە.

وەزارەتی بازرگانی ئەمەریکا چوار کۆمپانیای بازرگانی دیکەی لە سینگاپوور خستۆتە لیستەکەوە، ئەوەش بەهۆی دابینکردن یاخود هەوڵدان بۆ یارمەتیدانی کۆمپانیایەکی کارەبای ئێران.

هاوکات ئەمەریکا 10 کۆمپانیای دیکەی لە پاکستان و ئیماڕات خستۆتە لیستی ڕەشەوە، دەڵێت ئەو کۆمپانیایانە مەترسییەکیان دروست کردووە لە بەکارهێنانی پێویستییەکانی چالاکییە ئەتۆمییە ناپارێزراوەکەی پاکستان یاخود بەشدارن لە چالاکییە ئەتۆمی و موشەکییەکانی پاکستاندا.

لە دوای داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا، ئەمەریکا کۆنتڕۆڵکردنی هەناردەکردنی ڕوون کردۆتەوە و سزای هەر لایەنێک دەدات کە پشتیوانی لە سوپای ڕووسیا بکات یاخود تەکنەلۆجیای بیانی بدات بە ڕووسیا.

ئەو لایەنانەی کە کەلوپەلی ئەمەریکی هەناردەی دەرەوە دەکەن پێویستە هەوڵی وەرگرتنی مۆڵەتێکی تایبەتی قورس بدەن پێش ئەوەی کەلوپەلەکانیان بۆ ئەو کۆمپانیایانە بنێرن کە خراونەتە لیستی ڕەشەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG