Accessibility links

سەرۆک بایدن پێشوازی لە پلانەکانی فینلەندا و سوید دەکات بۆ چوونە پاڵ ناتۆ


سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و سەرۆکی فینلەندا ساولی نینیستۆ و سەرۆک وەزیری سوید ماگدالینا ئاندەرسن، کۆشکی سپی
سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و سەرۆکی فینلەندا ساولی نینیستۆ و سەرۆک وەزیری سوید ماگدالینا ئاندەرسن، کۆشکی سپی

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لە کۆشکی سپی لەگەڵ ڕابەرانی سوید و فینلەندادا کۆبۆوە، ئەوەش بەمەبەستی پشتیوانیکردنی ئەمەریکا لە داواکانی ئەو دوو وڵاتە بۆ چوونە پاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆوە، هاوکات تورکیا هەڕەشەی ئەوە دەکات ڕێگە نەدات ئەو دوو وڵاتەی باکووری ئەوروپا ببنە ئەندام لە هاوپەیمانێتییەکەدا.

سەرۆک بایدن کە داوای لە ڕۆژئاوا کردووە دژایەتی داگیرکارییەکەی ڕووسیا بکەن لە ئۆکرانیا، لە کۆشکی سپی لەگەڵ سەرۆک وەزیری سوید ماگدالینا ئاندەرسن و سەرۆکی فینلەندا ساولی نینیستۆدا کۆبۆوە.

سەرۆک بایدن وتی " سوید و فینلەندا ناتۆ بەهێزتر دەکەن. ئەوان بەهێزن، دیموکراتێکی بەهێزن، هاوپەیمانێتیەکی بەهێزی ناتۆش بنچینەی ئاسایشی ئەمەریکایە."

بایدن وتی هەر کە وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆ گڵۆپی سەوزییان داگیرساند، داوا لە کۆنگرێسی ئەمەریکا دەکەم بەخێرایی داواکەی سوید و فینلەندا پەسەند بکەن.

سەرۆک بایدن وتی " ئەوان سەرجەم ئەو پێویستیانەیان تێدایە کە ناتۆ داوای دەکات، هەبوونی دوو ئەندامی نوێی ناتۆ لە باکوورەوە ئاسایشی هاوپەیمانێتیەکەمان باشتر دەکات و هاریکارییەکانیشمان لەڕووی ئاسایشەوە لەنێو هاوپەیمانێتیەکەدا قوڵتر دەکاتەوە."

لەلایەکی دیکەوە تورکیای ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆ دژایەتی خۆی بۆ داواکەی سوید و فینلەندا دەربڕیوە، داوا لە سوید دەکات یارمەتی گروپە چەکدارییە کوردییەکان نەدات کە ئەنقەرە بە تیرۆریست ناوییان دەبات، هەروەها داواشی لە سوید و فینلەندا کردووە قەدەغەکردنی هەناردەکردنی چەک و کەلوپەلی سەربازیی بۆ تورکیا لاببەن.

سەرجەم 30 ئەندامەکەی ناتۆ پێویستە فراوانبوونی هاوپەیمانێتییەکە پەسەند بکەن. ڕۆژی پێنجشەممە سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان وتی تورکیا قسەی لەگەڵ هاوپەیماناندا کردووە و پێی وتوون تورکیا ئەندامێتی سوید و فینلەندا ڕەت دەکاتەوە.

سەرۆکی فینلەندا ساولی نینیستۆ لە کۆشکی سپی وتی وڵاتەکەی " ئامادەیە تاوتوێی سەرجەم نیگەرانییەکانی تورکیا بکات." هەروەها بەڵێنیشیدا " پابەند بێت بە ئاسایشی تورکیاوە و تورکیاش وەکو هاوپەیمانێکی ناتۆ پابەند بێت بە ئاسایشی ئێمەوە."

نینیستۆ وتی " تیرۆر بەجددی وەردەگرین."
سەرۆک وەزیری سوید ماگدالینا ئاندەرسن وتی " ڕەوشەکەی ئۆکرانیا تاریکترین ڕۆژەکانی مێژووی ئەوروپامان بیر دەهێننەوە. لەماوەی ساتە تاریکەکاندا زۆر باشە لەنێو هاوڕێکانتدا بیت."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG