Accessibility links

سەرۆک بایدن بەنیازە قسە لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیادا بکات


دوابەدوای پەیوەندییە تەلەفونییەکەی لەگەڵ سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتندا، سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن بەنیازە لەڕێی پەیوەندییەکی تەلەفونییەوە لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمێر زیلینسکیدا قسەبکات، ئەمەش لەنێوەندی نیگەرانییەکاندا سەبارەت بە ئەگەری هێرشی ڕوسیا بۆ سەر ئۆکرانیا.

ڕوسیا هێزەکانی لە نزیک سنووری ئۆکرانیا زیادکردووە، ئەمەش بووەتە هۆی نیگەرانی ئۆکرانیا و وڵاتانی ڕۆژئاوا، لەوە دەترسن ڕوسیا ئامادەکاری بکات بۆ داگیرکردنی ئۆکرانیا. بەڵام مۆسکۆ ئەوە ڕەت دەکاتەوە و کۆمەڵێک داوای ئاڕاستەی وڵاتانی ڕۆژئاوا کردووە. یەکێک لە داواکانی ئەوەیە هاوپەیمانێتی ناتۆ بەرەو ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا پەرە نەسەنێت و چالاکییەکانی لە وڵاتانی نزیک لە ڕوسیا ڕابگرێت.

ئەم پشتیوانیەی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا چەند ڕۆژێک دوای ئەوە دێت سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن هۆشداریدایە سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن لەسەر ئەوەی ئەگەر ڕوسیا ئۆکرانیا داگیر بکات ئەوا ڕووبەڕووی دەرەنجامی قورس دەبێتەوە.

ڕۆژی هەینی بایدن وتی " ڕوونمان کردەوە کە ناتوانێت ، جەخت لەمە دەکەمەوە، ناتوانێت ئۆکرانیا داگیربکات."

وتی " ڕوونم کردۆتەوە بۆ پوتن کە ئەگەر ڕوسیا ئۆکرانیا داگیربکات ئەوا سزای توندمان دەبێت، بوونمان لە ئەوروپا لەگەڵ هاوپەیمانێتی ناتۆدا زیاد دەکەین."

کۆشکی سپی وتی سەرۆک بایدن لە پەیوەندییە تەلەفونیەکەیدا لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا " جەخت لە پشتیوانی ئەمەریکا دەکاتەوە بۆ سەروەریی خاکی ئۆکرانیا، هەروەها تاوتوێی زیادبوونی هێزەکانی ڕوسیا دەکات لەسەر سنووری ئۆکرانیا، هاوکات تاوتوێی ئامادەکارییەکان دەکات سەبارەت بە گفتوگۆ سیاسییەکانی داهاتوو بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ناوچەکەدا."

وابڕیارە لەم مانگەدا بەرپرسانی ئەمەریکا و ڕوسیا و هاوپەیمانێتی ناتۆ و ئەوروپا کۆببنەوە و تاوتوێی گرژییەکان و داواکارییە ئاسایشیەکانی ڕوسیا بکەن.

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی لە تویتێکدا نوسیویەتی " بەپەرۆشەوەم دووبارە قسە لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکادا بکەم بۆ هەماهەنگیکردن لە هەنگاوەکانماندا لەپێناو ئاشتی ئۆکرانیا و ئاسایشی ئەوروپا."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG