سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن هەفتەی داهاتوو لە کۆشکی سپی میوانداری سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا کییەر ستارمەر دەکات و پێشبینی دەکرێت تاوتوێی جەنگەکانی ناو ئۆکرانیا و غەززە و پرسەکانی دیکە بکەن.
کۆبوونەوەکەی هەینی داهاتوو لە نێوان دوو هاوپەیمانە نزیکەکەدا لە کاتێکدایە کە بایدن لە دوایین مانگەکانی سەرۆکایەتییەکەیدا گفتوگۆکانی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی زیاتر کردووە. هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا و ڕکابەرەکانیشی چاودێری ئەوە دەکەن بزانن کێ جێی بایدن دەگرێتەوە، کامڵا هێرسی جێگری و بەربژێری دیموکراتەکان یاخود بەربژێری کۆمارییەکان دانۆڵد ترامپ.
وتەبێژی کۆشکی سپی کارین جین پیێر لە بەیاننامەیەکدا وتی سەردانەکەی ستارمەر بۆ کۆشکی سپی سەنگ دەخاتە سەر بەردەوامیدان بە پشتیوانییەکانی ڕۆژئاوا بۆ ئۆکرانیا لە کاتێکدا کە هەوڵدەدات بەرپەرچی داگیرکارییەکەی ڕووسیا بداتەوە. هەروەها سەنگیش دەخاتە سەر هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان لە نێوان ئیسڕائیل و حەماسدا، سەنگیش دەخاتە سەر مەترسییەکانی حوسییەکانی یەمەن کە لەلایەن ئێرانەو پشتیوانییان لێدەکرێت لەسەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سووردا، باس لە نیگەرانییە هاوبەشەکانیشیان دەکەن سەبارەت بە ناوچەی ئیندۆ پاسێفیک.
ستارمەر دوو مانگ لەمەوبەر سەردانی واشنتنی کرد بە مەبەستی ڕاستەوخۆ قسەکردن لەگەڵ بایدندا کاتێک لە واشنتن بوو بە مەبەستی ئامادەبوون لە لوتکەکەی ناتۆدا.
سەرچاوە/ AP