سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن یارمەتییە فیدڕاڵییەکانی ئەمەریکای بۆ هاوایی زیاترکرد و بەڵێنی دا یارمەتی دانیشتوانەکەی بدات لە کاتێکدا ئاگری دارستانەکان دورگەی ماوی (Maui) گرتەوە.
کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکدا وتی، سەرۆک بایدن هاوایی وەکو ویلایەتێکی کارەساتبار پەسەند کردووە کە ئامانج لێی دابینکردنی کۆمەکی حکومەتی فیدراڵییە بۆ ئەو دورگەیە کە دووەم گەورەترین دورگەی ویلایەتی هاوایییە. ئاگرکەوتنەوەکان بوونەتە هۆی گیان لە دەستدانی لانی کەم 36 کەس.
بایدن لە لێدوانێکدا لە یوتا وتی " هەرکەسێک کە خۆشەویستێکی لە دەستداوە و زیان بە ماڵەکەی گەیشتووە یاخود ماڵەکەی وێران بووە، دەستبەجێ یارمەتی دەدرێت."
وتیشی " بە زووترین کات کاردەکەین " بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاگرەکان و گواستنەوەی دانیشتوان و گەشتیاران.
وتیشی " نزا دەکەین بۆ خەڵکی هاوایی، بەڵام نەک تەنها نزا، هەر سەرچاوەیەکمان هەبێت بۆ ئەوانی بەرەدەست دەخەین."
کۆشکی سپی وتی فەرمانەکە قەرەبووی ئەو کەسانە دەکاتەوە کە لە دورگەی ماوی زیانییان پێگەیشتووە.
کۆشکی سپی وتیشی لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا لەگەڵ فەرمانڕەوای هاوایی جۆش گریندا، بایدن " پرسە و سەرەخۆشی خۆی دەربڕیوە بۆ گیان لە دەستدانەکان وهەروەها کە بەداخە بۆ ئەو زیانانەی بەر دورگەکە کەوتووە ."
بەپێی کۆشکی سپی، فەرمانەکە ڕێگە دەدات ئەو کەسانەی کە زیانیان بەرکەوتووە داوای نیشتەجێبوونی کاتی و چاککردنەوەی خانووەکانییان بکەن، هەروەها ڕێگە بە خاوەن کارەکان دەدات داوای قەرەبووکردنەوەیان بکەن.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
سەرۆک بایدن یارمەتییەکانی ئەمەریکا بۆ هاوایی زیاتر دەکات لە کاتێکدا ئاگرکەوتنەوەکان ماوی گرتەوە