کۆشکی سپی ڕایگەیاند سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لە 18 ی مانگی هەشتدا لە لوتکەیەکی سێ لایەنیدا لە کامپ دەیڤد لە مێریلاند میوانداری سەرۆک وەزیری ژاپۆن فومیۆ کیشیدا و سەرۆکی کۆریای باشوور یوون سوک یول دەکات.
وتەبێژی کۆشکی سپی کارین جین پیێر لە بەیاننامەیەکدا وتی " سێ ڕابەرەکە تاوتوێی فراوانکردنی هاریکارییە سێ لایەنییەکەی نێوانییان دەکەن لە سەرانسەری ناوچەی ئیندۆ پاسێفیک و دەرەوەی ناوچەکەشدا، باس لە مەترسییە بەردەوامەکانی کۆریای باکوور دەکەن و هەروەها تاوتوێی پتەوترکردنی پەیوەندییەکانییان دەکەن لەگەڵ وڵاتانی ئاسیان و دوورگەکانی پاسێفیکدا."
واشنتن سوورە لەسەر هاندان بۆ هاریکارییەکی نزیکتر لەگەڵ دوو هاوپەیمانە سەرەکییەکەیدا لە ئاسیا، لە کاتێکدا کە سێ وڵاتەکە نیگەرانیی هاوبەشییان هەیە سەبارەت بە زیادبوونی دەسەڵاتەکانی چین و بەرنامە موشەکی و ئەتۆمییەکەی کۆریای باکوور.
لەلایەکی دیکەشەوە ژاپۆن و کۆریای باشوور لە هەوڵی باشکردنەوەی پەیوەندییەکانییاندان، ئەوەش دوابەدوای چەندین ساڵ لە ناکۆکییەکانییان لەسەر کێشە مێژووییەکان کە بووەنەتە هۆی کەمکردنەوەی هاریکارییەکانی نێوانییان.
جین پیێر وتی " لە کامپ دەیڤد، سێ ڕابەرەکە پەرە بە دیدێکی هاوبەشی نێوانییان دەدەن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئاستەنگییە ئاسایشییەکانی ناوچەکە و جیهان، هانی سەروەری یاسا دەدەن لە جیهاندا و هەوڵی بەهێزکردنی خۆشگوزەرانی ئابووری دەدەن."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
سەرۆک بایدن میوانداری ڕابەرانی ژاپۆن و کۆریای باشوور دەکات
