لەم هەفتەیەدا کاتێک سەرۆکی کۆریای باشوور یوون سوک یۆل یادی سەربەخۆیی وڵاتەکەی لە ژاپۆن لە ساڵی 1945 کردەوە، باسی لە داگیرکارییە دڕندانەییەکەی ژاپۆن نەکرد لە کۆریای باشوور کە گەلی کۆریای باشوور بۆ ماوەی 35 ساڵ بەرگەیان گرت.
یوونی تەمەن 62 ساڵ کە زۆر گەنجترە لەوەی تاوەکو دڕندەیی فەرمانڕەوایی ژاپۆنی لە کۆریای باشووری لە بیر بێت، ژاپۆنی وەک "هاوبەشێک " ناوبرد کە لە ئێستادا یەک بەها و بەرژەوەندیی و نیگەرانی هاوبەشیان هەیە، ئەویش ڕووبەڕووبوونەوەیە لەگەڵ هەڕەشە ئەتۆمییەکانی کۆریای باکوور کە نیگەرانییەکی بەردەوامە بۆ سیئۆل و تۆکیۆش.
بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن پێی وایە کە ڕێکخستنەوەیەکی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا لە ئارادایە: پەیوەندییەکی قووڵتر لە نێوان دوو هاوپەیمانە نزیکەکەی ئەمەریکا کە مێژوویەکی دوور و درێژیان لە توندوتیژی و بێمتمانەیی لە نێوانییاندا هەیە. ئەم گۆڕانکارییە هەوڵەکانی واشنتن بۆ بەرەنگاربوونەوەی کاریگەرییەکانی چین لە ناوچەکەدا خێراتر دەکات و یارمەتی دەدات بۆ بەرگریکردن لە تایوان.
سەرۆکی ئەمەریکا جۆ بایدن هیوادارە ئەو پەیوەندییانە بە لوتکەیەک لە کەمپی دەیڤد پتەو بکات.
لە کاتێکدا پێناچێت لوتکەکە ڕێکخستنێکی ئاسایشی فەڕمی لێبکەوێتەوە کە وڵاتەکان پابەند بکات بە بەرگریکردن لە یەکتر، بەڵام لەسەر لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش سەبارەت بە بەرپرسیارێتییە ناوچەییەکان ڕێکدەکەون.
پڕۆفیسۆر زانکۆی جۆرج تاون دێنیس وایڵدەر کە لە سەردەمی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا جۆرج بوشدا پەیوەندییەکانی ژاپۆن و کۆریای باشووری بەڕێوە دەبرد، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکسدا نووسیویەتی " کۆبوونەوەکە لە کامپ دەیڤد سەرسوڕهێنەرە. بە زەحمەت سەرکردەکانی کۆریای باشوور و ژاپۆنمان ڕازی دەکرد لە یەک ژووردا لەگەڵماندا کۆببنەوە."
دیبلۆماتکارانی سێ وڵاتەکە دەڵێن لە پشت کەمکردنەوەی گرژییەکانەوە، نیگەرانییەکی هاوبەش هەیە سەبارەت بە زیادبوونی دوژمنکارییەکانی چین و کۆریای باکوور.
دەشڵێن بەڵگەش بۆ ئەوە دەستپێشخەرییەکەی یوون و سەرۆک وەزیری ژاپۆن فومیۆ کیشیدایە بۆ هەوڵدان بۆ پەیوەندییەکی باشتر لە نێوان دوو وڵاتەکەدا.
جێگری ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی کۆریای باشوور کیم تای هیو بە ڕۆژنامەنووسانی وت هەوڵەکانی یوون بۆ شکاندنی چەق بەستوویییەکە " تەوژمێکی گرنگی " دروست کردووە بۆ هاریکارییەکی زیاتر. وتیشی ڕابەرانی سێ وڵاتەکە " زۆرترین کات پێکەوە بەسەر دەبن " لە کامپ دەیڤد.
ڕێکخەری ئەمەریکا بۆ کاروباری ناوچەی ئیندۆ پاسێفیک کیرت کامپڵ وتی ڕابەرانی سێ وڵاتەکە پلانێک ڕادەگەیەنن بۆ ئەوەی لوتکەکە بکەن بە بۆنەیەکی ساڵانە و وەبەرهێنان لە تەکنەلۆجیادا. بەڕێوبەری باڵای کاروباری ڕۆژهەڵاتی چین لە کۆشکی سپی میرا ڕاپ هووپەر وتی تیشکیش دەخەنە سەر بەرەوپێشچوونەکان بەرەو هاوبەشیکردنی ئاگادارییە پێشوەختەکان لەسەر هەڵدانی موشەک.
بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ژاپۆن وتی " هاریکارییەکان لە کۆمەڵێک پرسی زۆردا پشتڕاست دەکەینەوە."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز