Accessibility links

لە ماوەی گەشتەکەی بایدندا، ئەمەریکا و عەرەبستانی سعودیە کۆمەڵێک ڕێکەوتن ڕادەگەیەنن


سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و شازادەی جێنشینی سعودیە محەمەد بن سەلمان
سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و شازادەی جێنشینی سعودیە محەمەد بن سەلمان

لە میانەی سەردانەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدندا بۆ عەرەبستانی سعودیە، دوو وڵاتەکە کۆمەڵێک ڕێکەوتنیان لەنێوانیاندا واژۆ کرد، لە کشاندنەوەی هێزە ئاشتی پارێزەکانی دوورگەیەکی ستراتیژی دەرەوەی سعودیە و کەناراوەکانی میسڕەوە بۆ هاریکارییەکان لە تەکنەلۆجیای مۆبایلدا.

دوای کۆبوونەوەکەی سەرۆک بایدن لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سعودیەدا، لەوانەش شازادەی جێنشینی سعودیە محەمەد بن سەلمان، ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا پێشوازیی لە ڕاگەیاندنێک کرد بۆ خێراکردنی زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن گروپی ئۆپیک پڵەسەوە، کە هەریەک لە سعودیە و ڕووسیاش دەگرێتەوە.

ئەمەریکا لە بەیاننامەکەدا گوتی هێزە ئاشتی پارێزەکانی دیکە دوورگەی تیران جێدەهێڵن، کە وەکو بەشێک لە ڕێکەوتنەکانی ساڵی 1978 دا لەو دوورگەیەدا جێگیرکرابوون، هەر ئەو ڕێکەوتنەش بووە هۆی ئەوەی ئیسڕائیل و میسڕ ڕێکەوتنی ئاشتی لەنێوانیادا واژۆ بکەن. دوورگەی تیران دەکەوێتە نێوان سعودیە و میسڕەوە، ناوچەیەکی ستراتیژییە و دەچێتەوە سەر بەندەری ئیلاتی ئیسڕائیل.

واشنتن پێشوازی لە هەنگاوەکەی سعودیەش کرد بۆ کردنەوەی ئاسمانەکەی بەڕووی ئەو فڕۆکە مەدەنییانەدا کە لە ئیسڕائیلەوە دێن و بەپێچەوانەشەوە.

لە ڕاگەیاندنەکانی دیکەدا باس لە ڕێکەوتنێک کراوە سەبارەت بە هاریکاریکردنی نێوان ئەمەریکا و سعودیە لەسەر تەکنەلۆجیای نەوەی پێنج و نەوەی شەشی مۆبایل و هەروەها ئاسایشی ئەلیکترۆنیش.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG