Accessibility links

بایدن یەکەم گەشتی وەک سەرۆک بۆ سعودیە ئەنجام دەدات سەرەڕای گرژی هەردوو وڵات لەسەر نەوت و کوشتنی خاشقچی


سەرۆکی ئەمەریکا، جۆو بایدن، ڕۆژی هەینی لە گەشتەکەیدا بۆ سعودییە پرسی دابینکردنی وزە، مافەکانی مرۆڤ و هاوکاری ئاسایش تاوتوێ دەکات.

ئەم گەشتە بۆ ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی ئەمەریکا لەگەڵ وڵاتێک دارێژراوە کە ڕۆژانێک بایدن بەڵێنی پەراوێزخستنی لە ئاستی جیهان دابوو.

کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەشکردووە، بایدن کۆبوونەوەیەکی دوو قۆڵی لەگەڵ شا سەلمان بن عەبدولعەزیز لە کۆشکی شاهانە لە جدە ئەنجام دەدات و دواتر سەرۆک و تیمەکەی دانیشتنێکی کارکردنیان لەگەڵ محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشین، کە لە ڕۆژئاوا بە MBS ناسراوە، و وەزیرەکانی ئەو وڵاتە دەبێت.

بەرژەوەندییەکانی وزە و ئاسایش وایان لە بایدن و یاریدەدەرەکانی کرد بڕیار بدەن ئەو وڵاتە عەرەبییە گۆشەگیر نەکەن، کە ھەناردەکارێکی مەزنی نەوتی جیھانە و ماوەیەکە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕووسیا و چین پتەوتر کردووە.

بەرپرسێکی ئەمەریکی ڕۆژی هەینی بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند واشنتۆن چاوەڕێ ناکات سعودیە دەستبەجێ ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بەرزبکاتەوە و ئەمرەیکا چاوی لەوەیە گروپی ئۆپیک+ لە کۆبوونەوەی داهاتوویدا لە 3 ی مانگی 8 بڕیاری لەسەر بدات.

سەردانەکە لە نزیکەوە چاودێری دەکرێت بۆ زمانی جەستە و قسەکردن. هەواڵگری ئەمەریکا گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە شازادە موحەمەد ڕاستەوخۆ فەرمانی کوشتنی جەمال خاشقچی ستووننووسی واشنتۆن پۆست لە ساڵی 2018 دا دەرکردووە، لە کاتێکدا شازادەی جێنشین ڕەتیدەکاتەوە ڕۆڵی هەبووبێت لە کوشتنەکەدا.

ڕاوێژکارانی کۆشکی سپی ڕەتیان کردەوە باس لەوە بکەن ئایا بایدن تەوقە لەگەڵ شازادەدا دەکات یان نا کە فەرمانڕەوای ڕاستەقینەی دیفاکتۆی شانشینەکەیە. بایدن سبەی ڕۆژی شەممە لە لوتکەی شاری جەدەی سەر کەناراوەکانی دەریای سوور لەگەڵ کۆمەڵەیەکی فراوانتر لە سەرکردەکانی عەرەب کۆدەبێتەوە.

بەرپرسێکی باڵای بەڕێوبەرایەتیەکەی بایدن لە لێدوانێکیدا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند "بڕیارە سەرۆک لەگەڵ نزیکەی دەیان سەرکردە کۆببێتەوە و وەک نەریتێکی ئاسایی خۆی سڵاویان لێدەکات."

لە سەرەتای گەشتەکەی بایدن بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرپرسان ڕایانگەیاند؛ وەک ڕێکارێکی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا دوور دەکەوێتەوە لە پەیوەندی نزیک، وەک تەوقەکردن. بەڵام سەرۆک لە ئیسرائیل تەوقەی لەگەڵ بەرپرسان کرد.

بایدن ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند کە هەڵوێستی ئەو سەبارەت بە کوشتنی خاشقچی "بە تەواوەتی" ڕوونە بێ ئەوەی زیاتر لەو بارەیەوە قسەبکات. بایدن ئاماژەی بەوەشکردووە، پرسی مافەکانی مرۆڤ لە سعودیە دەخاتە ڕوو، بەڵام بە تایبەتی باسی لەوە نەکردووە کە ئایا لەگەڵ سەرکردەکانیدا باس لە کوشتنی خاشقچی دەکات یان نا.

ریما بنت بەندەر ئەلسعود، باڵیۆزی سعودیە لە ئەمەریکا، لە گۆڤاری پۆلیتیکۆی ئەمەریکیدا "ڕق و کینە"ی وڵاتەکەی دژی کوشتنەکە دووپاتکردەوە و بە دڕندەیییەکی مەترسیدار وەسفی کرد. بەڵام گوتی ناکرێت ئەو ڕووداوە پێناسەی تەواوی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و سعودیە بکات.


سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG