چەند ڕۆژێک دوای ئەوەی سەرکۆنەی ڕەوانەکردنی چەکی ئەتۆمی تەکتیکی ڕووسیای کرد بۆ بێلاڕووس، سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن وتی هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی تەکتیکی لەلایەن سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتنەوە " ڕاستەقینەیە ".
سەرۆک بایدن ڕاگەیاندنەکەی ڕووسیای بۆ ڕەوانەکردنی یەکەمین چەکی ئەتۆمی تەکتیکی بۆ بێلاڕووس بە " کارێکی تەواو نابەرپرسانە " ناوبرد.
سەرۆک بایدن لە کالیفۆرنیا بە کۆمەڵێک لە بەخشەرانی وت " دوو ساڵ لەمەوبەر کاتێک دەمووت ڕووباری کۆلۆرادۆ خەریکە وشک دەبێت، هەمووان سەیرییان دەکردم وەکو ئەوەی شێت بووبێتم."
" بە هەمان ئەو شێوەیە سەیرییان کردم کاتێک وتم نیگەرانم سەبارەت بەوەی پوتن چەکی ئەتۆمی تەکتیکی بەکاربهێنێت. ئەوە شتێکی ڕاستەقینەیە."
هەفتەی ڕابردوو سەرۆکی بێلاڕووس ئالیکساندەر لوکاشینکۆ وتی وڵاتەکەی دەستیکردووە بە وەرگرتنی چەکی ئەتۆمی تەکتیکی ڕووسیا، وتی هەندێک لەو چەکانە سێ هێندەی ئەو بۆمبە ئەتۆمییەی ئەمەریکا بەهێزن کە لە ساڵی 1945 دا دژی هیرۆشیما و ناگاساکی بەکاریهێنا."
لە دوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەتەوە ئەمە یەکەمین جارە ڕووسیا چەکی ئەتۆمی تەکتیکی ڕەوانەی دەرەوەی خاکەکەی بکات، هێزی ئەو کڵاوە ئەتۆمییانە کەمترن و مەودایان کورتتروە و دەکرێت لە گۆڕەپانی جەنگدا بەکاربهێندرێن.
ئەمەریکا وتوویەتی تاوەکو ئێستا هیچ ئاماژەیەکی نەبینیوە لەسەر ئەوەی ڕووسیا ئامادەکاری بکات بۆ بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی، لەبەر ئەوەش پێویستی بەوە نەبووە وەکو وەڵامێک بۆ ڕەوانەکردنی ئەو چەکانە بۆ بێلاڕووس پێگەی چەکە ئەتۆمییە ستراتیژییەکانی خۆی بگۆڕێت.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز