Accessibility links

ئەمەریکا و ئەڵمانیا جەخت لە یەکگرتوویی دەکەنەوە دژی ئەگەری هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا


سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز
سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز

ئەمەریکا و ئەڵمانیا هەوڵیاندا بەرەیەکی یەکگرتوو پیشان بدەن دژی ئەگەری دوژمنکاری سەربازیی ڕووسیا لە ئۆکرانیا، سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ڕایگەیاند دوو وڵاتەکە " زۆر نزیکن لە یەکەوە " سەرەڕای ئەوەی گومان هەیە لە پابەندبوونی بەرلین بە هەڵوەشاندنەوەی پڕۆژەی هێڵی بۆری گازی نۆرد ستریم 2 ی ڕووسی.

لەنێوەندی گرژییەکانی نێوان ڕووسیا و ڕۆژئاوادا لەسەر زیادبوونی هێزەکانی ڕووسیا لەسەر سنوورەکانی ئۆکرانیا، سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز لە کۆشکی سپی کۆبوونەوە.

وڵاتانی ڕۆژئاوا لەوە دەترسن ڕووسیا پلانی داگیرکردنی ئۆکرانیای هەبێت، بەڵام مۆسکۆ ئەوە ڕەت دەکاتەوە. بەرپرسانی ئەمەریکاش دەڵێن هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە هەر کاتێکدا بێت ڕوودەدات.

ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵزیش لە ناوخۆی وڵاتەکەی و دەرەوەشدا ڕەخنەیەکی توندی لێدەگیرێت لەسەر ئەوەی سەرکردایەتیەکی ناکاریگەریی هەبووە لە قەیرانەکەدا. شۆڵز لە واشنتن بە ڕۆژنامەنووسانی وت ڕووسیا باجێکی زۆر گەورە دەدات ئەگەر ئۆکرانیا داگیربکات، لەکاتێکدا وەزیری بەرگری ئەڵمانیاش کۆمەڵێک پلانی ڕاگەیاند بۆ ڕەوانەکردنی 350 سەربازی دیکەی ئەڵمانی بۆ لیتوانیا.

بایدن لە کۆشکی سپی لەگەڵ شۆڵزدا وتی " ئەڵمانیا یەکێکە لە نزیکترین هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا. زۆر لە نزیکەوە کاردەکەین بۆ دانانی بەربەستی زیاتر لەبەردەم دوژمنکاری ڕووسیادا لە ئەوروپا و هەروەها بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی چین و بەرزکردنەوەی سەقامگیری لە وڵاتانی ڕۆژئاوای باڵکاندا."

شۆڵز پێش کۆبوونەوەکەی بە ڕۆژنامەنووسانی وت ئەگەر ڕووسیا ئۆکرانیا داگیربکات ئەوا ڕۆژئاوا بەشێوەیەکی خێرا و یەکلاکەرەوە و بە یەکگرتوویی وەڵام دەداتەوە. وتیشی " باجێکی گەورەی دەبێت ئەگەر لەڕێی سەربازییەوە هێرش بکرێتەسەر ئۆکرانیا."

شۆڵز بە زمانی ئینگلیزی وتی " یەکگرتوو دەبین. پێکەوە دەجوڵێین. سەرجەم هەنگاوە پێویستەکانیش دەگرینەبەر."

سەرۆک بایدن وتی هیچ گومانێکی نیە لە پشت بەستن بە ئەڵمانیا وەکو هاوبەشێک و وتی شۆڵز " متمانەی تەواوی ئەمەریکای هەیە. هیچ گومانێک لە هاوبەشی ئەڵمانیا و ئەمەریکادا نیە. هیچ گومانێک."

وابڕیارە ئۆلاف شۆڵزی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا دوای کۆبوونەوەکانی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ سەرۆک بایدن و بەرپرسانی یەکێتی ئەوروپا و سەرۆکەکانی وڵاتانی باڵتیکدا، هەفتەی داهاتوو سەردانی ئۆکرانیا و ڕووسیا بکات.

جێی ئاماژەیە ئەڵمانیا کە نیوەی ئەو گازەی پێویستیەتی لە ڕووسیاوە وەریدەگرێت، پەسەندکردنی پڕۆژەی هێڵی بۆری گازی نۆرد ستریم 2 ی ڕووسی تاوەکو نیوەی دووەمی ساڵی 2022 دواخستووە، بەڵام ڕەتی کردۆتەوە پڕۆژەکە هەڵبوەشێنێتەوە.

سەرۆک بایدن سەبارەت بە پڕۆژە 11 ملیار دۆلارییەکە وتی پڕۆژەکە ڕادەگیرێت ئەگەر ڕووسیا ئۆکرانیا داگیربکات.

سەرۆک بایدن لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی وتی ئەگەر هێزەکانی ڕووسیا بچنە ئۆکرانیاوە ئەوا پڕۆژەکە دادەخرێت.
وتی " ئەگەر ڕووسیا ئۆکرانیا داگیربکات ئەوا مانای وایە تانک و هێزەکانی ڕووسیا جارێکی دیکە سنووری ئۆکرانیایان بەزاندووە، لەو کاتەدا چیتر نۆرد ستریم 2 بوونی نامێنێت."

کاتێکیش پرسیاری لێکرا کە ئەوە چۆن دەکرێت، چونکە پڕۆژەکە لەژێر کۆنتڕۆڵی ئەڵمانیادایە، بایدن وتی " بەڵێنتان دەدەمێ، دەتوانین ئەو کارە بکەین."

ئەگەر ئەو پڕۆژەیە لەلایەن ئەڵمانیاوە پەسەند بکرێت، ئەوا گازی ڕووسی ڕاستەوخۆ دەگوازرێتەوە بۆ ئەڵمانیا، بەبێ ئەوەی گازەکە بە هیچ وڵاتێکی دیکەدا تێپەڕ ببێت.

تاوەکو ئێستا ئەڵمانیا ڕوون نەبووە سەبارەت بە پلانەکانی بۆ پڕۆژە ڕووسییەکە، ئەمەش بووەتە جێی نیگەرانی یاسادانەران و بەرپرسانی ئەمەریکا. واشنتن بە ڕوون و ئاشکرا وتوویەتی پێشبینی دەکات ئەڵمانیا پڕۆژەکە ڕابگرێت ئەگەر ڕووسیا ئۆکرانیا داگیربکات، بەڵام بەرپرسانی ئەمەریکا هێشتا هیچ وردەکارییەکیان نەداوە سەبارەت بەوەی چۆن ئەوە ڕوودەدات.

وتەبێژی کۆشکی سپی جێن ساکی وتی ئەمەریکا لەگەڵ ئەڵمانیادا کاردەکات " بۆ ئەوەی دڵنیا ببنەوە لەوەی نۆرد ستریم 2 کارنەکات ئەگەر ڕووسیا داگیرکاری ئەنجام بدات."

بەرپرسانی ئەڵمانیا دوودڵ بوون لەوەی بە ئاشکرا ئەوە ڕابگەیەنن، لەجیاتی ئەوە دەڵێن هەموو بژاردەکان لەبەردەستدان.

شۆڵز وتی ئەڵمانیا لە نزیکەوە لەگەڵ ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانیدا کاردەکات بۆ ئامادەکردنی پلانی سزاکانیان، بەڵام وتی هەوڵەکانیش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەڕووی دیبلۆماسییەوە بەردەوامن، لەو هەوڵانەش سەرهەڵدانەوەی گفتوگۆکانی ڕێکەوتنی نۆرماندییە کە هەریەک لە ئۆکرانیا و ڕووسیا و ئەڵمانیا و فەڕەنسا تیایدا بەشدارن.

بەرپرسانی ئەمەریکا لە جیاوازییەکانی نێوان ئەڵمانیا و ئەمەریکایان سەبارەت بە گرژییەکانی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا کەمکردەوە و وتیان واشنتن لەنزیکەوە هەماهەنگی لەگەڵ بەرلین و یەکێتی ئەوروپادا کردووە بۆ سەپاندنی کۆمەڵێک سزای " خێرا و توند " بەسەر ڕووسیادا ئەگەر ئۆکرانیا داگیربکات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG