Accessibility links

ماکرۆن لە کۆشکی سەرۆکایەتی فەڕەنسا میوانداری سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن دەکات


سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن
سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن

دوابەدوای یادکردنەوەی یادی 80 ساڵەی ڕۆژی سەرکەوتن لە جەنگی جیهانی دووەمدا، سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن لە کۆشکی سەرۆکایەتی فەڕەنسادا میوانداری سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن دەکات، بڕیارە گفتوگۆ لەسەر بازرگانی و ئیسڕائیل و ئۆکرانیا بکەن.

دوو سەرۆکەکە کە پەیوەندییەکی گەرم و گوڕییان هەیە سەرەڕای گرژییەکانی پێشوویان لەسەر ڕێککەوتنێکی ژێرئاوگەڕ لەگەڵ ئوستڕاڵیادا، بەشداری مەراسیمێکی پێشوازی دەکەن لە ئارک دی ترۆمفی و چەند بۆنەیەکی دیکە، دواتر کۆدەبنەوە و بەشداری ئێوارەخوانێکیش دەکەن.

بایدن لە ساڵی 2022 دا لە کۆشکی سپی میوانداری ماکرۆنی کرد.

پێشتر لەم هەفتەیەدا ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جەیک سۆلیڤان بە ڕۆژنامەنووسانی وت " فەڕەنسا کۆنترین و یەکێکە لە قووڵترین هاوپەیمانەکانمان. ئەمەش ساتێکی گرنگ دەبێت بۆ جەختکردنەوە لەو هاوپەیمانییە و هەروەها بیرکردنەوە لە داهاتوو و ئەوەی کە دەبێت پێکەوە چی شتێک بە دەستبهێنین."

سۆلیڤان وتی دوو سەرۆکەکە تاوتوێی کۆمەڵێک بابەت دەکەن، لەوانەش، جەنگەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا و جەنگەکەی ئیسڕائیل و حەماس لە غەززە و هاریکارییەکان لە ناوچەی ئیندۆ پاسێفیک، هەروەها تاوتوێی پرسەکانی وەکو گۆڕانی کەش و هەوا و ژیری دەستکرد و کۆمەڵێک پرسی دیکە دەکەن.

وتەبێژی کۆشکی سپی جۆن کیربی وتی دوو وڵاتەکە پلانێکیش ڕادەگەیەنن بۆ کارکردن پێکەوە لە پۆلیسی دەریاییدا، لەگەڵ زیادبوونی هاریکارییەکانی نێوان هێزی پاسەوانی کەناری ئەمەریکا و هێزی دەریایی فەڕەنسادا.

پێشبینی دەکرێت بایدن و ماکرۆن تاوتوێی پتەوکردنی ناتۆ و پشتیوانییەکان بۆ ئۆکرانیا بکەن، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی کە هێشتا ئەوان نەگەیشتوون بە پلانێک بۆ بەکارهێنانی سەرمایە سڕکراوەکانی ڕووسیا بۆ یارمەتیدانی ئۆکرانیا. بەرپرسێکی خەزێنەی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە وتی ئەمەریکا و هاوبەشەکانی لە کۆمەڵەی حەوت بەرەوپێشچوونییان کردووە لەسەر ئەو پلانانە.

بایدن ڕۆژی هەینی لە پاریس لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکیدا کۆبووەوە، لە ماوەی وتارێکیدا لە گۆڕستانی ئەمەریکایی لە نۆرماندی، لە یادی هێرشەکەی هاوپەیماناندا بۆ سەر نازییەکانی ئەڵمانیا لە کەنارەکانی فەڕەنسا لە جەنگی جیهانی دووەمدا، بایدن داوای لە زلهێزەکانی ڕۆژئاوا کرد لە پاڵ ئۆکرانیادا بمێننەوە.

بایدن پشتیوانیکارێکی جێگیریی ئیسڕائیلیش بووە لە جەنگەکەیدا دژی حەماس لە غەززە. ئەو جەنگەی کە بەهۆی هێرشەکەی چەکدارانی حەماسەوە لە 7 ی مانگی 10 دا بۆ سەر ئیسڕائیل سەریهەڵدا. بەڵام گیان لە دەستدانی دەیان هەزاران فەلەستینی بووەتە هۆی خستنەوەی گرژی لە نێو پەیوەندییەکانی سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو و بایدندا، هەروەها لایەنگرانی بایدنی توڕە کردووە لە کاتێکدا کە بایدن هەوڵی دووبارە هەڵبژاردنەوەی دەدات لە هەڵبژاردنەکانی مانگی یانزەی ئەمەریکادا.

سەرچاوە/ فرانس پرێس، ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG