Accessibility links

سەرۆک بایدن دەڵێت ئاگربەست لە غەززە نزیکە


ئیسڕائیل و حەماس و قەتەڕ سەرجەمییان بە وریاییەوە باسییان لە بەرەوپێشچوونەکان کرد سەبارەت بە ئاگربەستێک لە غەززە، دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن وتی باوەڕی وایە لە کەمتر لە هەفتەیەکدا ڕێککەوتنێکی ئاگربەست واژۆ بکرێت و ئەوەش لە ڕەمەزاندا جەنگەکە ڕادەگرێت.

ئێستا حەماس بیر لە پێشنیارەکە دەکاتەوە، ئیسڕائیل هەفتەی ڕابردوو لە ماوەی گفتوگۆکانی پاریسدا لەگەڵ وڵاتانی نێوەندگر پێشنیارەکەی پەسەند کرد، پێشنیارەکە باس لە ئاگربەستێک دەکات کە بۆ ماوەی 40 ڕۆژ شەڕەکە ڕادەگرێت.

بەپێی سەرچاوەیەک کە نزیکە لە گفتوگۆکانەوە، لە پێشنیارەکەدا هاتووە چەکدارانی حەماس هەندێک لە بارمتەکان ئازاد دەکەن بەڵام هەموویان نا، لە بەرامبەردا سەدان فەلەستینی زیندانیکراو ئازاد دەکرێن، هەروەها گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ناو غەززە زیاتر دەبێت و هێزەکانی ئیسڕائیلیش لە شوێنە قەرەباڵغەکانی دانیشتوان لە غەززە دەکشێنەوە.

بەڵام داواکەی حەماسی تێدا جێبەجێ نەکراوە کە داوای کردووە ڕێککەوتنێک بکرێت کە ڕێگایەکی ڕوون بخاتەڕوو بەرەو کۆتایی هێنان بە جەنگەکە و کشانەوەی ئیسڕائیل.

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن دەڵێت ئیسڕائیل پێشتر ڕەزامەندی دەربڕیوە بۆ وەستاندنی شەڕەکە لە مانگی ڕەمەزاندا لە غەززە، مانگی ڕەمەزانی پیرۆزی موسوڵمانان پێشبینی دەکرێت لە 10 ی مانگی سێدا دەستپێبکات.

بایدن لە پڕۆگرامی Late Night with Seth Meyers ی کەناڵی ئێن بی سیدا وتی " ڕەمەزان بەڕێوەیە، ئیسڕائیلییەکانیش ڕازیبوون بەوەی کە لە ماوەی ڕەمەزاندا چالاکی ناکەن، ئەوەش لە پێناو ئەوەی کاتمان بدەنێ بۆ ئازادکردنی بارمتەکان."

پێشتر لە ڕۆژی دووشەممەدا بایدن وتی هیوادارە تاوەکو 4 ی مانگی سێ بگەن بە ڕێککەوتنێکی ئاگربەست، وتی " ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانیم پێم دەڵێت نزیک بوونەتەوە. نزیک بوونەتەوە. هێشتا تەواو نەبوون. هیوادارم تاوەکو ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو ئاگربەستێکمان هەبێت."

بەڵام قەتەڕ کە وەکو نێوەندگری سەرەکی کاری کردووە و ئێستاش میوانداری شاندەکانی ئیسڕائیل و حەماسیش دەکات، وتی هێشتا نەگەیشتووین بە ڕێککەوتنێک.

وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی قەتەڕ ماجید ئەل ئەنساڕی وتی " هیچ ڕێککەوتنێکی کۆتاییمان نیە لەسەر هیچ کام لەو پرسانەی کە بوونەتە بەربەست لەبەردەم گەیشتن بە ڕێککەوتنێکدا. ئومێدمان هەیە، ئەوەندە گەشبین نین تاوەکو ئەمڕۆ یاخود سبەینێ شتێک ڕابگەیەنین. بەڵام ئومێدمان هەیە کە دەتوانین جۆرە ڕێککەوتنێکمان دەستبکەوێت."

بەرپرسێکی حەماس بە ڕۆیتەرزی وت " هێشتا بۆشایی گەورە ماونەتەوە بۆ پڕکردنەوەیان. پرسە سەرەکییەکانی ئاگربەست و کشانەوەی هێزەکانی ئیسڕائیل هێشتا بە ڕوونی مامەڵەیان لەگەڵدا نەکراوە، ئەوەش گەیشتن بە ڕێککەوتنێک دوادەخات."

ئیسڕائیل لێدوانی لەسەر لێدوانەکانی بایدن نەداوە، بەڵام دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئیسڕائیل لە زاری چەند بەرپرسێکی نەناسراوەوە بڵاوییان کردەوە ئەوانیش توشی سەرسوڕمان بوون بە لێدوانەکانی سەرۆک بایدن. ماڵپەڕی هەواڵی ینێتی ئیسڕائیل لە زاری بەرپرسانی باڵای ئیسڕائیلەوە بڵاویکردەوە تێنەگەیشتوون لەوەی " ئەو گەشبینییەی بایدن لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG