Accessibility links

کۆشکی سپی: سەرۆک بایدن بەنیازە بازرگانی و وەبەرهێنان لەگەڵ دوو هەرێمەکەی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا قەدەغە بکات


سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن
سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن

کۆشکی سپی دەڵێت سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن بەمزووانە بڕیارێک واژۆ دەکات کە تیایدا چالاکیە بازرگانییەکانی ئەمەریکییەکان لەگەڵ دوو هەرێمەکەی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیادا قەدەغە دەکات، ئەمەش دوای ئەوەی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتن ئەو دوو هەرێمەی وەکو دوو ناوچەی سەربەخۆ ناساند.

بڕیارەکەی پوتن بۆ ناساندنی هەرێمەکانی ژێر دەسەڵاتی جیاخوازەکانی ئۆکرانیا ڕێگە خۆش دەکات لەبەردەم مۆسکۆدا بۆ ڕەوانەکردنی هێزی سەربازیی ڕووسی بۆ هەرێمەکانی دۆنێستک و لوهانسکی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا.

وتەبێژی کۆشکی سپی جێن ساکی لە بەیاننامەیەکدا وتی " پێشبینی جوڵەیەکی لەمشێوەیەمان دەکرد لە ڕووسیاوە و ئامادەین دەستبەجێ وەڵام بدەینەوە."

وتیشی " سەرۆک بایدن بەمزووانە بڕیارێک دەردەکات کە وەبەرهێنان و بازرگانی و چالاکییە بازرگانییەکانی ئەمەریکییەکان لەناوخۆی هەرێمەکانی دۆنێتسک و لوهانسک و دەرەوەش قەدەغە دەکات."

وتیشی " بڕیارەکە دەسەڵاتی ئەوە دەدات کە سزا بسەپێندرێت بەسەر هەر کەسێکدا کە سوورە لەسەر ئەوەی لەو ناوچانەی ئۆکرانیا کار بکات."

ساکی وتی ڕێوشوێنی دیکەش بەڕێوەن و ئەم سزایانەش جیان لەو سزایانەی کە ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی ئامادەیان کردوون بۆ ڕووسیا ئەگەر ئۆکرانیا داگیربکات.

ساکی وتی " بۆ ئەوەی ئاشکرا بێت، ئەم ڕێوشوێنانە جیان لەو سزا خێرا و توندانەی لەگەڵ هاوپەیمانەکانماندا ئامادەمان کردوون بۆ سەپاندنیان بەسەر ڕووسیادا ئەگەر ئۆکرانیا داگیربکات."

ساکی وتیشی " لەنزیکەوە لەسەر هەنگاوەکانی دواتر و زیادبوونی گرژییەکان لەلایەن ڕووسیاوە لەسەر سنووری ئۆکرانیا ڕاوێژ لەگەڵ هاوپەیمان و هاوبەشەکانماندا دەکەین، بە ئۆکرانیاشەوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG