کۆشکی سپی وتی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن پڕۆژەی پەسەندکردنی بودجەی بەرگری نیشتیمانی بۆ ساڵی 2022 ی کردە یاسا،یاسا نوێیەکە ڕێگە دەدات 770 ملیار دۆلار بۆ بەرگریی خەرج بکرێت.
لە ماوەی ڕابردوودا لەم مانگەدا ئەنجومەنی سینات و ئەنجومەنی نوێنەرانی کۆنگرێسی ئەمەریکا بەزۆرینەی دەنگ پڕۆژە یاساکەیان پەسەند کرد و دیموکراتەکان و کۆمارییەکان پشتیوانیان لێکرد.
ئەو بڕە پارەیەی لەم ساڵدا بۆ بودجەی بەرگریی پەسەند کراوە لە سەدا 5 لە بڕەکەی ساڵی ڕابردوو زیاترە.
لە بودجەکەدا لە سەدا 2.7 موچەی سەربازانی ئەمەریکا زیاد دەکرێت، کەشتی و فڕۆکەی جەنگی زیاتر دەکڕدرێت، هەروەها بڕێکیشی بۆ مامەڵەکردنی ستراتیژیی لەگەڵ هەڕەشەکاندا دابین دەکرێت، بەتایبەتی هەڕەشەکانی ڕوسیا و چین.
هەروەها 300 ملیۆن دۆلار بۆ یارمەتیدانی ئاسایشی ئۆکرانیا دابینکراوە، کە تیایدا پشتیوانی لە هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا دەکات، 4 ملیاریش بۆ دەستپێشخەری بەرگریی ئەوروپا و 150 ملیۆن دۆلاریش بۆ هاریکاریی ئاسایشی وڵاتانی باڵتیک دابین دەکرێن.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز