Accessibility links

ئەمەریکا کۆمەڵێک کۆمپانیای دیکەی چینی دەخاتە لیستی سزاکانەوە


سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن هەمان هەنگاوی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپی گرتەبەر و کۆمەڵێک کۆمپانیای چینی زیادکرد بۆ سەر لیستی سزاکان کە بە تۆمەتی پشتیوانیکردن لە چالاکییە سەربازییەکانی پەکین تۆمەتبارکراون و چیتر ناتوانن سوود لە وەبەرهێنانەکانی ئەمەریکا وەربگرن.

سەرۆک جۆو بایدن دەستکاری لیستی سزاکانی کرد کە ترامپ لە مانگی یانزەی ساڵی ڕابردوودا دەریکرد تاوەکو ئەو کۆمپانیا چینیانەش بگرێتەوە کە لە بواری پیشەسازی و بڵاوکردنەوەی تەکنەلۆجیای چاودێریدا کار دەکەن، نەک تەنها دەکرێت لە چیندا دژی کەمینەکانی ویگۆر بەکاربهێندرێن بەڵکو دەکرێت لە سەرانسەری جیهاندا ئەو تەکنەلۆجیایانە بەکاربهێندرێن.

کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکدا وتی " ئەم نوسراوە ڕێگە بە ئەمەریکا دەدات نەهێڵێت وەبەرهێنانەکانی ئەمەریکا لە کۆمپانیا چینیەکاندا دەستبەرێت بۆ ئاسایشی ئەمەریکا یاخود بەها دیموکراتیەکەی یاخود هاوپەیمانەکانی."

واشنتن ڕوونیشی کردەوە ئەم لیستە ئەو کۆمپانیایانەش دەگرێتەوە کە " تەکنیکی چاودێری لە دەرەوەی چینیش بەکاردەهێنن و پەرەی پێدەدەن یاخود بەکاریدەهێنن بۆ ئاسانکردنی سەرکوتکردن و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ."

یەکەمین لیستی سزاکان کە ترامپ لە 12 ی مانگی یانزەدا ئاشکرایکرد 31 کۆمپانیای لەخۆدەگرت کە باوەڕوایە پشتیوانی لە چالاکییە سەربازی و ئەمنیەکانی چین دەکەن، لە ئێستا ژمارەی کۆمپانیاکان لە لیستەکەدا زیادبووە بۆ 59 کۆمپانیا.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG