Accessibility links

بایدن لەسەر تایوان و ئۆکرانیا و فیلیپین قسە لەگەڵ سەرۆکی چیندا دەکات


سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و سەرۆکی چین شی جین پینگ ڕۆژی سێشەممە بۆ یەکەمین جار لە دوای کۆبوونەوەکەی مانگی یانزەوە ڕاستەوخۆ لە ڕێی پەیوەندییەکی تەلەفونییەوە قسە لەگەڵ یەکتردا دەکەن

بەرپرسێکی ئەمەریکا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت وتی پێشبینی دەکرێت بایدن پەیوەندییە تەلەفونییەکەی لەگەڵ شیدا بەکاربهێنێت بۆ جەختکردنەوە لە پشتگیری ئەمەریکا لە " سیاسەتی یەک چینی " پەکین و جەختکردنەوە لە گرنگیی ئاشتی و سەقامگیری لە سەرانسەری تەنگەی تایواندا.

لە مانگی یانزەدا بایدن و شی ڕێککەوتن لەسەر دووبارە کردنەوەی پەیوەندییە سەربازییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە و هەماهەنگیکردن لە ڕێگریکردن لە بەرهەمهێنانی فینتاڵیندا. لە مانگی حەوتی ساڵی 2022 ەوە دوو سەرۆکەکە بە تەلەفون قسەیان نەکردووە. دوای کۆبوونەوەکەیان لە مانگی یانزەدا، بایدن بە ڕۆژنامەنووسانی وت بۆچوونی خۆی نەگۆڕیوە سەبارەت بەوەی کە شی دیکتاتۆرە، ئەو لێدوانەش چینی بێزار کرد.

چین تایوان بە بەشێک لە خاکی خۆی دەزانێت، بەڵام تایوان دەسەڵاتی چین بەسەریدا ڕەت دەکاتەوە و خۆی حکومڕانی خۆی دەکات و هەڵبژاردنی دیموکراسییانەی تێدا بەڕێوەدەچێت. تایوان دەڵێت تەنها گەلی تایوان دەتوانێت بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن.

جێگری ئێستای سەرۆکی تایوان لای چینگ تی کە چین بە جیاخوازێک سەیری دەکات، لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی مانگی یەکدا سەرکەوتنی بە دەستهێنا و پێش دەستبەکاربوونیشی لە مانگی پێنجدا چین فشارەکانی سەر تایوانی زیاد کردووە.

بەرپرسێکی ئەمەریکا وتی ڕۆژی سێشەممە بایدن و شی تاوتوێی نیگەرانییەکان دەکەن سەبارەت بە پشتیوانی چین لە جەنگەکەی ڕووسیا دژی ئۆکرانیا و مامەڵە بازرگانییەکانی چین و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە شینگیانگ و تاوتوێکردنی داماڵینی چەکی ئەتۆمی لە نیمچە دوورگەی کۆریادا.

پێشبینی دەکرێت بایدن هۆشداری بداتە چین لەسەر زیادبوونی ڕووبەڕووبوونەوەکان لە دەریای باشووری چیندا، کە چین بانگەشەی ئەوە دەکات سەرانسەری دەریاکە سەر بە چینە، ئەوەش لەگەڵ یاسای نێودەوڵەتیدا ناگونجێت.

بەرپرسەکەی ئەمەریکا وتی " سەرۆک ڕەنگە نیگەرانی خۆشی دەرببڕێت سەبارەت بە کارە ناسەقامگیرکارەکانی چین لە دەریای باشووری چیندا، بە کارە مەترسیدارەکەی ئەمدواییانەی هێزەکانی پاسەوانی کەناری چینیشەوە دژی ئۆپەراسیۆنە ئاساییە ئاوییەکانی فیلیپین."

لەم چەند مانگەی ڕابردوودا نیشانە هەبوون لەسەر باشبوونی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و چین، لە کاتێکدا کە هەردوولا هەنگاوییان ناوە بۆ دووبارە دامەزراندنەوەی کەناڵەکانی پەیوەندی نێوانییان، ئەوەش دوای ئەوەی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە گەیشتە نزمترین ئاستییەوە.

لە مانگی یەکدا وەزیری دەرەوەی چین وانگ یی لەگەڵ ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جەیک سۆلیڤاندا کۆبووەوە، دواتریش لە مانگی دوودا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکندا کۆبووەوە، بڕیاریشە لە مانگی چواردا وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا جانێت یەڵین سەردانی چین بکات.

بایدن و شی باسیش لەوە دەکەن چۆن مامەڵە لەگەڵ کێبڕکێکەی نێوان دوو وڵاتەکەدا بکەن، هەروەها باس لە ڕێگاکان دەکەن بۆ خۆ بە دوورگرتن لە ململانێ و هێشتنەوەی هێڵەکانی پەیوەندی بە کراوەیی.

بەرپرسێکی باڵای بەڕێوبەرایەتییەکەی ئەمەریکا وتی " کێبڕکێ زۆرەکە پێویستی بە دیبلۆماسییەکی زۆرە بۆ ئەوەی مامەڵە لەگەڵ گرژییەکاندا بکرێت، مامەڵە لەگەڵ هەڵە لەیەک تێگەیشتنەکاندا بکرێت و ڕێگری بکرێت لە کەوتنەوەی ململانێیەکی نەویستراو."

بەڕێوبەرایەتییەکەی ئەمەریکا فرۆشتنی هەندێک تەکنەلۆجیای بە کۆمپانیا چینییەکان قەدەغە کردووە، ئەوەش بە هۆکاری مەترسی بۆ ئاسایشی نیشتیمانی. چین ئەمەریکای تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی " بە چەککردنی " پرسە ئابووریی و بازرگانییەکان.

بەرپرسەکە وتی دوو سەرۆکەکە تاوتوێی کۆمەڵێک بواری دیکە دەکەن کە بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا و چین تێیاندا یەکدەگرێتەوە، لەوانەش هەوڵەکانی دژ بە تیرۆر و پرسەکانی پەیوەست بە مەترسییەکان و پارێزراویی زیرەکی دەستکردەوە، هەروەها دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سوپاکانی دوو وڵاتەکە و هەوڵەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەش و هەوا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG