Accessibility links

بایدن دەڵێت لەگەڵ سەرۆکی چیندا ڕێکەوتوون لەسەر پابەندبوون بە پەیماننامەی تایوانەوە


سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن وتی لەگەڵ سەرۆکی چین شی جین پینگدا ڕێکەوتوون لەسەر پابەندبوون بە " پەیماننامەی تایوانەوە "، لەکاتێکدا گرژییەکانی نێوان چین و تایوان زیادیکردووە.

سەرۆک بایدن وتی " لەگەڵ شیدا قسەم کردووە لەسەر تایوان، ڕێکەوتین لەسەر ئەوەی پابەند بین بە پەیماننامەی تایوانەوە، ئەوەمان خستەڕوو کە پێم وایە دەبێت هیچ شتێک نەکەین جگە لەوەی پابەندی پەیماننامەکە بین."

وادەردەکەوێت بایدن ئاماژە بە سیاسەتەکەی ئەمەریکا بدات بەرامبەر تایوان و چین، کە تیایدا زیاتر بە فەڕمی دان دەنێت بە پەکیندا وەک لە تایپێی، هەروەها یاسای پەیوەندییەکان لەگەڵ تایواندا کە تیایدا بەڕوونی ئاماژە بەوە دراوە بڕیاری ئەمەریکا بۆ دامەزراندنی پەیوەندی سیاسیی لەگەڵ پەکیندا، پەیوەست دەبێت بەوەوە کە داهاتووی تایوان ئاشتیانە بڕیاری لەسەر بدرێت.

بەپێی یاساکە ئەمەریکا دەتوانێت چەک بدات بە تایوان تاوەکو بەرگری لە خۆی بکات، واشنتن دان دەنێت بەوەدا کە تایوان سەر بە چینە و " یەک چین " هەیە، هەروەها هیچ هەڵوێستێکی نابێت لەسەر سەروەری تایوان.

وەزارەتی دەرەوەی تایوان وتی داوای ڕوونکردنەوەی لە ئەمەریکا کردووە لەسەر لێدوانەکانی بایدن، دواتر دڵنیا کراوەتەوە لەوەی سیاسەتی ئەمەریکا بەرامبەر تایوان نەگۆڕاوە، پابەندبوونی ئەمەریکا بە تایوان " جێگیرە " و ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە یارمەتیدانی تایوان تاوەکو توانا بەرگرییەکانی بپارێزێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG