Accessibility links

سەرۆک بایدن و ترودۆ لە مەکسیک تاوتوێی هایتی و بازرگانی دەکەن


سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و سەرۆک وەزیری کەنەدا جەستن ترودۆ, مەکسیک
سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و سەرۆک وەزیری کەنەدا جەستن ترودۆ, مەکسیک

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و سەرۆک وەزیری کەنەدا جەستن ترودۆ لە گفتوگۆکانیاندا لە پەراوێزی کۆبوونەوەی لوتکەی ڕابەرانی ئەمەریکای باکووردا بەڵێنیاندا ڕەوشی ژیانی هاوڵاتیانی سەرانسەری نیوە گۆی زەوی باشتر بکەن لە کاتێکدا باسییان لە کۆمەڵێک بابەت کرد، لەوانەش دۆخی ناجێگیری ئاسایشی هایتی و بازرگانی ئەمەریکای باکوور و پشێوییە سیاسییەکانی ناو بەڕازیل و کۆمەڵێک بابەتی دیکە.

پێش کۆبوونەوە سێ قۆڵییەکەی نێوان بایدن و ترودۆ و سەرۆکی مەکسیک ئاندرێس مانوێل لۆپێز ئۆبرادۆردا لە مەکسیکۆ سیتی، بایدن و ترودۆ کۆبوونەوە. سەرۆک بایدن بە ترودۆی وت " ئەوەی کە دەبێت بیکەین و دەشیکەین دەرخستنی دەرفەتێکی بێسنووری ئابوورییە کە پێکەوە لە نیوە گۆی زەویدا کارمان لەسەر کردووە، هەروەها بۆ یارمەتیدانی سەرانسەری ناوچەکە."

بڕیارە سێ ڕابەرەکە تاوتوێی کۆچ و بازرگانی و گۆڕانی کەش و هەوا بکەن، لە کاتێکدا هەوڵ دەدەن ئەو گرژییانە چاک بکەنەوە کە کیشوەرەکەی دابەش کردووە.

زۆربەی ساڵەکان کۆبوونەوە سێ قۆڵییەکە ئەنجام دەدرێت، بەڵام کۆبوونەوەی ئەم ساڵ جیاواز دەبێت، لە کاتێکدا کە سێ ڕابەرەکە کۆشش دەکەن بۆ مامەڵە کردن لەگەڵ لێشاوی کۆچبەران و سەرکوتکردنی ئەو قاچاخچییانەی کە لە ڕازیکردنی خەڵکدا بۆ ئەنجامدانی گەشتێکی مەترسیدار بۆ ئەمەریکا قازانج دەکەن.

هاوکات ئەمەریکا و کەنەدا سەرۆکی مەکسیکیان تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی پێشێلکردنی ڕێککەوتنی بازرگانی ئازاد، ئەوەش بەهۆی ئەوەی مەکسیک زیاتر گرنگی بە کۆمپانیاکانی وزەی خۆیداوە وەک لەو وێستگە کارەبایانەی کە لەلایەن وەبەرهێنەرە بیانی تایبەتەکانەوە دروست کراون. هاوکات ترودۆ و لۆپێز ئۆبرادۆر نیگەرانن سەبارەت بە هەوڵەکانی سەرۆک بایدن بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی، ئەوەش نیگەرانی ئەوەی لێکەوتۆتەوە دراوسێکانی ئەمەریکا دوابکەون.

گفتوگۆکانی بایدن و ترودۆ جیاواز بوون لە گفتوگۆکانی بایدن لەگەڵ ئۆبرادۆردا، ئۆبرادۆر لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ بایدندا داوای لێکرد ژیانی سەرانسەری ناوچەکە باشتر بکات و وتی " کلیلەکە لە دەستی تۆدایە."

ئۆبرادۆر وتی " ئەمە ئەو ساتەیە بۆ ئەوەی ئێمە بڕیار بدەین کۆتایی بهێنین بەم دەستبەرداربوون و بێڕێزی و لە بیرکردنەی ئەمەریکای لاتین و کاریبیان."

بایدن لە وەڵامدا ئاماژەی بەو ملیاران دۆلارەدا کە ئەمەریکا لە یارمەتی وڵاتانی سەرانسەری جیهاندا خەرجی دەکات.

کۆشکی سپی وتی بایدن و ترودۆ باسیان لە جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا و دەرفەتەکان بۆ پتەوکردنی دابینکردنی پێویستییەکان بۆ کانزا بە نرخەکان و ئوتومبێلی کارەبایی و نیمچە گەیەنەرەکان کردووە، هەروەها باسیان لە دەرخستنی توانای ئابووری تەواوی کیشوەرەکەمان کردووە." بەڕێوبەرایەتییەکەی ئەمەریکا ڕاشیگەیاند بایدن لە مانگی سێدا بۆ یەکەمین جار وەکو سەرۆکی ئەمەریکا سەردانی کەنەدا دەکات.

ترودۆ وتی " هۆکاری زۆر هەن بۆ ئەوەی گەشبین بیت، بە تایبەتی بۆ ئەوانەی کە لە وڵاتەکانماندان. بەڵام کاری زۆری دەوێت، شتێک کە نە من و نە تۆ و نە هاووڵاتیانیشمان هەرگیز لێی نەترساوین."

بایدن بە ترودۆی وت " پێم وایە پێکەوە کۆمەڵێک شتی گرنگ بە دەست دەهێنین. تۆ هەمیشە لەوێ بوویت کاتێک پەیوەندیم کردووە."

پەیوەندییەکانی بایدن و ئۆبرادۆر لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا زۆر باش نەبووە. ئۆبرادۆر بە ئاشکرا سەرسامی خۆی بۆ ترامپ دەرخستووە و ساڵی ڕابردووش بەشداری لە کۆبوونەوەکەی لوتکەی ئەمەریکا نەکرد لە لۆس ئانجلس، ئەوەش بەهۆی ئەوەی سەرۆک بایدن بانگهێشتی ڕابەرانی کوبا و ڤەنزوێلا و نیکاراگوای نەکردبوو.

بەڵام ئەمەریکا و مەکسیک ڕێککەوتنێکیان واژۆ کردووە کە گۆڕانکارییەکی گەورەیە لە سیاسەتی کۆچدا، هەفتەی ڕابردوو سەرۆک بایدن ڕێککەوتنەکەی ڕاگەیاند.

بەپێی ڕێککەوتنەکە مانگانە ئەمەریکا 30,000 کۆچبەری کوبا و نیکاراگوا و هایتی و ڤەنزوێلا ڕەوانەی مەکسیک دەکاتەوە، ئەو کۆچبەرانەی کە بە شێوەیەکی نایاسایی هاتوونەتە ئەمەریکاوە. ئەو کۆچبەرانەی کە گەیشتوونەتە ئەمەریکا بە ئاسانی ڕەوانەی وڵاتانی خۆیان ناکرێنەوە، ئەوەش بەهۆی کۆمەڵێک هۆکاری جیاوازەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا، مانگانە 30,000 کۆچبەری دیکەی ئەو چوار وڵاتە، ئەوانەی کە لە ئەمەریکا سپۆنسەرێکیان هەیە و پشکنینیان بۆ کراوە و گەشتی ئاسمانییان هەبووە بۆ ئەمەریکا، دەتوانن بۆ ماوەی دوو ساڵ بە شێوەیەکی یاسایی لە ئەمەریکا کار بکەن.

لە ماوەی دوو ساڵی سەرۆکایەتی بایدندا ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی کە لە سنووری نێوان ئەمەریکا و مەکسیک دەپەڕنەوە بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە. ساڵی ڕابردوو 2.38 ملیۆن حاڵەت هەبووە لەسەر سنوورەکە. ئەوەش یەکەمین جارە ژمارەکە 2 ملیۆن تێپەڕ بکات.

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG