Accessibility links

بایدن لەگەڵ ڕابەرانی کەنەدا و مەکسیکدا کۆبۆوە


سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و سەرۆک وەزیری کەنەدا جەستن ترودۆ و سەرۆکی مەکسیک ئاندرێس مانوێل لۆپێز ئۆبرادۆر، کۆشی سپی، واشنتن
سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و سەرۆک وەزیری کەنەدا جەستن ترودۆ و سەرۆکی مەکسیک ئاندرێس مانوێل لۆپێز ئۆبرادۆر، کۆشی سپی، واشنتن

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لە کۆشکی سپی لەگەڵ سەرۆک وەزیری کەنەدا جەستن ترودۆ و سەرۆکی مەکسیک ئاندرێس مانوێل لۆپێز ئۆبرادۆردا کۆبۆوە و تاوتوێی ئەو کێشانەیان کرد کە کاریگەرییان بۆ سەر باکووری ئەمەریکا و جیهانیش هەیە.

دوابەدوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە، کۆشکی سپی وتی " سەرۆکەکان بەڵێنیاندا ڕێوشوێنی بەرجەستە بگرنەبەر بۆ پشتیوانیکردن لە ئامانجە هاوبەشەکانمان، لەوانەش کۆتایی هێنان بە پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا و پێشخستنی تەندروستی جیهانی و کۆنتڕۆڵکردنی ڕکابەرییەکان و دروستکردنی ژینگەیەک تاوەکو هەمووان بە یەکسانی گەشە بکەن، هەروەها هەماهەنگیکردن لە وەڵامدانەوەی کۆچدا."

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن سەرەتا بە جیا لەگەڵ سەرۆک وەزیری کەنەدا جەستن ترودۆ و سەرۆکی مەکسیک ئاندرێس مانوێل لۆپێز ئۆبرادۆردا کۆبۆوە، دواتر کۆبوونەوە سێ قۆڵیەکەیان دەستپێکرد کە ماوەی سێ کاتژمێری خایاند.

ترودۆ و لۆپێز ئۆبرادۆریش بە جیا لەگەڵ جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کاملا هێرسدا کۆبوونەوە. کۆشکی سپی وتی هێرس و لۆپێز ئۆبرادۆر تاوتوێی کۆمەڵێک بابەتیان کردووە، لەوانەش ئاسایش و پەتای کۆرۆنا و ئابووری. هەروەها ڕێکەوتوون لەسەر ئەوەی پێکەوە کاربکەن " بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هۆکاری سەرەکی کۆچ لە ئەمەریکای ناوەندەوە."

جەستن ترودۆ بەر لە کۆبوونەوەکە وتی " ئێمە دڵنیا دەبینەوە لەوەی ئابووری ئەمەریکای باکوور دەرفەتی کاری باش بڕەخسێنێت و پشتیوانی لە چینی ناوەند بکات لە سێ وڵاتەکەماندا. ئەمەش لەڕێی ڕێکەوتنێکی گشتگیری بازرگانییەوە دەبێت کە تیایدا مافەکانی کرێکاران دەپارێزێت."

لەلای خۆیەوە سەرۆکی مەکسیک لۆپێز ئۆبرادۆر پێی وایە ئابووریی ڕێگەیەکی دیکەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی چین، وتی " یەکخستنی ئابووریی بەشێوەیەک کە ڕێز لە سەروەرییەکانمان بگرێت، باشترین ئامڕازە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ڕکابەرییانەی کە لە ناوچەکانی دیکەی جیهانەوە دەرکەوتوون، بەتایبەتی فراوانبوونی بازرگانی چین."

بایدن لە کۆشکی سپی لەگەڵ ترودۆدا وتی " پێکەوە سەرپەرشتی ئابوورییەکی کراوە دەکەین و ڕووبەڕووی گۆڕانی کەش و هەوا دەبینەوە و پشتیوانی لە بەها دیموکراتیەکان دەکەین. پێموایە هەردووکمان پێمان وایە باشترین دەبین کاتێک دەرفەت و دادپەروەری و یاسا پێکەوە یەکدەگرن، ئەوانەش بەها سەرەکییەکانی کەنەدییەکان و ئەمەریکاییەکانن، بۆیە ئەمە یەکێکە لە ئاسانترین پەیوەندییەکان وەکو سەرۆکی ئەمەریکا، یەکێکیشە لە باشترینەکان."

لەگەڵ لۆپێز ئۆبرادۆریشدا، بایدن جەختی لەوە کردەوە ئەمەریکا و مەکسیک لەسەر بناغەیەکی یەکسانن.

بایدن بە ئۆبرادۆری وت " جەنابی سەرۆک، چیتر زمان وەکو هاوڕێیانمان لە باشوور بەکارناهێنین، ئێمە دوو وڵاتی یەکسانین."

سەبارەت بە کۆچیش سێ سەرۆکەکە ڕێکەوتن لەسەر گرتنەبەری کۆمەڵێک ڕێوشوێن، لەوانەش ڕێکەوتنێکی بەهێزی کۆچ بۆ ئەمەریکاکان و پڕۆگرام و پشتیوانیکردنێکی دارایی کە ببێتە هۆی دروستکردنی هەلی کار لە ئەمەریکای لاتین و کاریبیان، لەڕێی ئەمەشەوە کەمکردنەوەی خواستی کۆچکردن. وتیشیان هەر یەکێک لە وڵاتەکانیان " پێشبینی دەکرێت بەڵێنی نوێ بدەن بۆ وەرگرتنی پەنابەری زیاتر."

پێشبینی دەکرا سێ سەرۆکەکە باس لە کێشەکانی دەرەوەی سنوورەکانیشیان بکەن، وەکو خۆپیشاندانەکانی کوبا و سزا ئابوورییەکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئەو وڵاتە، کە لەو بابەتەدا بایدن و لۆپێز ئۆبرادۆر هاوڕا نین.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG