Accessibility links

بلینکن: بایدن پشتیوانی " چارەسەری دوو دەوڵەت " دەکات بۆ ململانێکانی نێوان فەڵەستین و ئیسڕائیل


ئەنتۆنی بلینکن کە سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا جۆو بایدن بۆ پۆستی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە دیاریکردووە جەختی لەوە کردەوە سەرۆکی هەڵبژێردراو جۆو بایدن پاشگەز نابێتەوە لە بڕیارەکەی بەڕێوبەرایەتیەکەی سەرۆک ترامپ سەبارەت بە ناساندنی ئۆرشەلیم وەکو پایتەختی ئیسڕائیل، بەڵام پێی وایە تەنها چارەسەر بۆ ململانێکانی ئیسڕائیل و فەڵەستینیەکان " چارەسەری دوو دەوڵەتە."

لەمیانەی دانیشتنێکدا لەبەردەم ئەنجومەنی سینات بەمەبەستی پەسەندکردنی وەکو وەزیری دەرەوەی داهاتووی وڵاتەکە، بلینکن لە وەڵامی پرسیارێکی سیناتۆری کۆمارییەکان تێد کروزدا سەبارەت بەوەی کە ئایا بەڕێوبەرایەتیەکەی بایدن بەردەوام دەبێت لەسەر سیاسەتەکانی بەڕێوبەرایەتیەکەی سەرۆک ترامپ سەبارەت بەو دوو بابەتە، وتی " بەڵێ بەڵێ."

لە ساڵی 2017 دا سەرۆک ترامپ لە ڕێکەوتنی نێودەوڵەتی هاتە دەرەوە و ئۆرشەلیمی وەکو پایتەختی ئیسڕائیل ناساند.

بلینکن ئاماژەی بەوەدا بایدن هەوڵی تەواوی خۆی دەدات لەپێناو دەستەبەرکردنی چارەسەری دوو دەوڵەت، بەڵام دانیشی بەوەدانا ئەو کارە قورسایەکی زۆری لەبەردەمدایە.

ئەوەشی خستەڕوو " سەرۆک و من بەتایبەتی پێمان وایە تەنها ڕێگە بۆ دەستەبەرکردنی داهاتووی ئیسڕائیل وەکو دەوڵەتێکی جولەکەی دیموکرات ئەوەیە دەوڵەتێک بدەین بە فەڵەستینیەکان، ئەوەش لەڕێی چارەسەری دوو دەوڵەتەوە دەبێت."

هەروەها داوای لە ئیسڕائیل و فەڵەستینیەکان کرد بەزووترین کات چیتر " هەنگاوی دیکە نەنێن بۆ ئاڵۆزترکردنی ئەم پڕۆسەیە."

بلینکن ئەوەشی ڕاگەیاند بەڕێوبەرایەتیە نوێیەکەی ئەمەریکا لە بڕیارەکەی سەرۆک ترامپ پاشگەز نابێتەوە سەبارەت بە ناساندنی ئۆرشەلیم وەکو پایتەختی ئیسڕائیل، هەروەها ئەوەشی خستەڕوو باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ئۆرشەلیم دەمێنێتەوە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG