Accessibility links

بەرپرسێکی ئەمەریکی: ئەمەریکا ئامادەیە یارمەتی بدات لە باشکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسڕائیل و بەحرەیندا


بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە میانەی سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە مایک پەمپێیۆدا بۆ بەحرەین وتی ئەگەر پێویست بکات ئەمەریکا ئامادەیە یارمەتی پێشکەش بکات لە باشکردنی پەیوەندییەکانی نێوان بەحرەین و ئیسڕائیلدا.

لە دوای ڕێکەوتنەکەی نێوان ئیسڕائیل و ئیماڕاتەوە بۆ باشکردنی پەیوەندییەکانی نێوانیان، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپێیۆ سەردانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کردووە و چاوی بە بەرپرسانی باڵای بەشێک لە وڵاتانی ناوچەکە کەوتووە.

بەرپرسەکە وتی " ئەگەر بتوانین یارمەتیدەر بین لە ئاسانکردنی باشکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ بەحرەیندا ئەوا ئامادەین."

پەمپێیۆ لەکاتی گەیشتنیدا بۆ بەحرەین وتی زۆر گرنگە سوود لە ڕێکەوتنەکەی نێوان ئیسڕائیل و ئیماڕات وەربگیردرێت. گەشتەکەی پەمپێیۆ هەریەک لە ئۆرشەلیم و سودان و بەحرەینی گرتۆتەوە و ڕۆژی پێنجشەممە بەرەو عومان بەڕێدەکەوێت.

ئیسڕائیل و ئەمەریکا ئاماژەیان بەوەداوە داوا لە وڵاتانی عەرەبی دەکەن هەمان هەنگاوی ئیماڕات بنێن. وەزیری هەواڵگری ئیسڕائیلیش باسی لەوە کرد ئەگەرێکی زۆر هەیە بەحرەینیش هەمان هەنگاو بنێت.

جێی ئاماژەیە ماوەیەکی کەم دوای ڕاگەیاندنی ڕێکەوتنەکەی ئیماڕات و ئیسڕائیل، بەحرەین پێشوازی لە ڕێکەوتنەکە کرد و وتی هەلی ئاشتی لە ناوچەکەدا زیاتر دەکات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG