Accessibility links

ئۆستن سەردانی ئیسڕائیل و سێ وڵاتی ئەوروپا دەکات


وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن
وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ڕایگەیاند وەزیری بەرگری وڵاتەکە لوەید ئۆستن ڕۆژی شەممە واشنتن جێدەهێڵێت و سەردانی هەریەک لە ئیسڕائیل و ئەڵمانیا و بەڕیتانیا و بارەگای هاوپەیمانێتی ناتۆ لە بڕۆکسلی پایتەختی بەلجیکا دەکات، لەمیانەی سەردانەکەشیدا لەگەڵ ڕابەرە سیاسیی و سەربازییەکاندا کۆدەبێتەوە.

ئەمەش یەکەمین سەردانی وەزیرێکی کابینەکەی سەرۆک جۆو بایدن دەبێت بۆ ئیسڕائیل، وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا وتی ئۆستن چاوی بە سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو و هاوتاکەی بێنی گانتز دەکەوێت.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە دەڵێت وەزیری بەرگری ئەمەریکا لەگەڵ نەتانیاهو و گانتزدا باس لە " ئەرکە سەرەکیە هاوبەشەکانی " نێوانیان دەکەن و دووبارە جەخت لە پابەندبوونی ئەمەریکا دەکاتەوە بە هێشتنەوەی ئیسڕائیل وەکو پێشکەوتووترین وڵات لەڕووی سەربازییەوە لە ناوچەکەدا.

لە ئەوروپا، وەزیری بەرگری ئەمەریکا چاوی بە هەریەک لە وەزیری بەرگری ئەڵمانیا ئانگریت کرامب کارینباوەر و سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ و وەزیری بەرگری بەڕیتانیا بێن واڵاس دەکەوێت.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە دراوە ئۆستن ڕۆژی شەممە واشنتن جێدەهێڵێت، بەبێ ئەوەی هیچ وردەکارییەک لەسەر خشتەی کاتی گەشتەکەی بدات.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG