Accessibility links

موسڵمانێک دەبێتە وەزیری پەروەردەی ویلایەتێکی ئەمەریکا و بە قورئان سوێندەکەی دەخوات


موسڵمانێکی بە ڕەچەڵەک پاکستانی پـۆستی وەزیری پەروەردەی ویلایەتی ڤێرجینیای گرتەدەست، ئەمەش پاش ئەوەی لە لایەن ڕاڵف نۆرثم‌ فەرمانڕەوای ویلایەتەکە بۆ ئەو پـۆستە دەسـتنیشانکرا.

عاتف قەرەنی تەمەن 40 ساڵ کە لە تەمەنی 10 ساڵیەوە لە شاری کەراچی پاکستانەوە لەگەڵ خێزانەکەی کۆچیان بۆ ئەمەریکا کردووە، لە بەردەم دادوەرێکی ویلایەتی ڤێرجینیا و بە ئامادەبوونی ئەندامانی خێزانەکەی، دەستی خستە سەر قورئانی دەستی هاوسەرەکەی و سوێندی فەرمی خوارد کە پابەندی هەردوو دەستوری ئەمەریکا و ویلایەتی ڤێرجینیا دەبێت و کارەکەی بە ئەمانەتەوە جێبەجێ دەکات، وە گوتی " خودا یارمەتیم بدات".

عاتف قەرەنی کە مۆڵەتی زانستی کۆمەڵایەتی و ماستەری لە مێژوودا هەیە ، پـێشتر مامۆستای قوتابخانەیەکی ناوەندی بووە لە ناوچەی پـرنس ولیەم، خوێندنی لە هەردوو زانکۆی جۆرج مەیسن و جۆرج واشنتن تەواوکردووە. جگە لەوەی کەسێکی بە توانایە لە بواری کارەکەیدا، هەروەها ئەندامێکی دیموکراتەکانە و بۆ ماوەی هەشت ساڵ لە هێزی مارینز خزمەتی سەربازی کردووە و بەشداری شەڕی عێراقیشی کردووە.

لە تۆڕەکانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی ڤیدیۆی ساتی سوێندخواردنەکەی بڵاوکراوەتەوە کە چۆن پـێشوازی لێدەکرێت.

هەر بەم بۆنەیەوە زانکۆی جۆرج مەیسن پـێرۆزبایی لێکردووە و بابەتێکی واشنتن پـۆستی لە بارەیەوە بڵاوکردووەتەوە.

مانگی ڕابردوو ڕاڵف نۆرثم‌ گوتی گرنگە وەزیرێکی پەرەوەردەمان هەبێت شارەزایی لە فێرکردندا هەبێت هەر لە باخچەی ساوایانەوە هەتا دەگاتە قۆناغی ئامادەیی.

XS
SM
MD
LG