Accessibility links

لە مانگی سێدا ئەمەریکا 210,000 کۆچبەری لەسەر سنووری مەکسیک دەستگیر کردووە


بەرپرسانی سەر سنووری ئەمەریکا لە مانگی سێدا لەسەر سنووری مەکسیک 210,000 کۆچبەرییان دەستگیرکردووە کە هەوڵیانداوە لە مەکسیکەوە بپەڕنەوە بۆ ئەمەریکا، ئەمەش لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوو زۆرترین ژمارەیە کە لە تەنها یەک مانگدا تۆمارکرابێت.

کۆی ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە مانگی سێدا دەستگیرکراون بە بەراورد لەگەڵ هەمان مانگی ساڵی ڕابردوودا زیادیکردووە، لە مانگی سێی ساڵی ڕابردوودا 169,000 کۆچبەر لەسەر سنوورەکە دەستگیرکران.

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن کە لە مانگی یەکی ساڵی 2021 دا سەرۆکایەتی وڵاتەکەی گرتەدەست، بەڵێنیدا ئەو سیاسەتە توندانەی کە بەرامبەر کۆچبەران پەیڕەو کراون و سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ فەرمانی جێبەجێکردنی دابوون هەڵبوەشێنێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا بەڕێوبەرایەتییەکەی لەڕووی سیاسی و کرداریشەوە لەو بارەیەوە کۆشش دەکات، ئەوەش بەهۆی زۆریی ژمارەی ئەو کۆچبەرانەوە کە دەیانەوێت بپەڕنەوە بۆ ئەمەریکا.

کۆمارییەکانی ئەمەریکاش دەڵێن پلانەکانی سەرۆک بایدن بۆ هەڵوەشاندنەوەی سیاسەتەکانی سەردەمی ترامپ بوونەتە هۆی هاندانی کۆچی نایاسایی زیاتر.

بەرپرسانی بەڕێوبەرایەتیەکەی سەرۆک بایدن ئاگادارییان داوە لەسەر ئەوەی کۆچکردن بۆ ئەمەریکا ڕەنگە زیاتر ببێت، ئەوەش دوای ئەوەی بەرپرسانی تەندروستی ئەمەریکا ڕایانگەیاند لە 23 ی مانگی پێنجدا کۆتایی بە یاسای کۆتوبەند خستنەسەر سنوورەکە دەهێنن کە بەهۆی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناوە سەپێندراوە و بە تایتڵ 42 ناسراوە، بەپێی یاساکە، سەرجەم پەنابەران و کۆچبەرانی دیکە دەستبەجێ ڕەوانەی مەکسیک دەکرێنەوە تاوەکو ڕێگە لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بگرن.

لەکاتێکدا کە زیاتر لە نیوەی ئەو کۆچبەرانەی دەگەنە سنووری نێوان ئەمەریکا و مەکسیک خەڵکی مەکسیک و گواتیمالا و هیندۆراس و ئێل سالڤادۆرن، لە چەند مانگی ڕابردوودا کۆچبەرانی وڵاتانی دیکەی دوور لە ئەمەریکاوە دەگەنە سەر ئەو سنوورە، لەوانەش هاوڵاتیانی ئۆکرانیا و ڕووسیا.

بەرپرسانی ئەمەریکا لە هەفتەکانی داهاتوودا ئامادەکاری دەکەن ڕۆژانە ڕووبەڕووبوونەوەی نزیکەی 18,000 کۆچبەر ببنەوە.

شەوی هەواڵی دەستگیرکردنی 210,000 کۆچبەر لە دادگایەکەوە ئاشکرا کرا، بەپێی گومرگ و ئامارەکانی پاراستنی سنووری ئەمەریکا لە مانگی دووی ساڵی 2000 ەوە ئەمە زۆرترین ژمارەیە تاوەکو ئێستا تەنها لە یەک مانگدا تۆمارکرابێت.

دادگاکە وتی نیوەی ئەو کۆچبەرانەی کە لە مانگی سێدا دەستگیرکراون بەپێی یاسای تایتڵ 42 ڕەوانەی وڵاتانی خۆیان کراونەتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG