Accessibility links

هەناردەی چەکی ئەمەریکا لە ساڵی 2023 دا ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمارکردووە


وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت فرۆشتنی کەلوپەلی سەربازیی ئەمەریکایی بە حکومەتە بیانییەکان لە ساڵی 2023 دا بە ڕێژەی لە %16 بەرزبووەتەوە، بە جۆرێک بەهاکەی گەیشتووەتە 238 ملیار دۆلار کە ئەوەش ژمارەیەکی پێوانەییە. ئەمە لە کاتێکدایە کە وڵاتەکە بەردەوامە لە بەرهەمهێنانی چەک و کەلوپەلی سەربازیی زیاتر تاوەکو ئامادە بێت بۆ ململانێی گەورە و کەم نەبوونەوەی کۆگاکانی بەهۆی ناردنی چەک و کەلوپەلی سەربازییەوە بۆ ئۆکرانیا.

کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی چەکی لۆکهید مارتن و جەنەڕاڵ داینامیکس و نۆرثرۆپ گروممان فرۆشییەکی گەورەترییان هەبووە، پشکی ئەم کۆمپانیایانە لە کاتی ناجێگیریی جیهانیدا زیاتر دەبێت.

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا وتی فرۆشتنی چەک و گواستنەوەیان وەکو " ئامڕازێکی گرنگی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا سەیر دەکرێت کە کاریگەری درێژخایەنی لەسەر ئاسایشی ناوچەکە و جیهان هەیە."

هەندێک لە فرۆشییەکانی ساڵی 2023 بریتی بوون لە فرۆشتنی سیستمی موشەکی هیمارس بە پۆڵەندا بە بەهای 10 ملیار دۆلار، فرۆشتنی سیستمی موشەکی پێشکەوتووی ئاسمان بۆ ئاسمان بە ئەڵمانیا بە بەهای 2.9 ملیار دۆلار، فرۆشتنی سیستمە پێشکەوتووەکانی موشەکی زەوی بۆ ئاسمان بە ئۆکرانیا.

کۆمپانیای لۆکهید سیستمی هیمارس دروست دەکات، کۆمپانیای ئاڕ تی ئێکسیش کە پێشتر بە ڕایثیۆن ناسرا بوو سیستمی موشەکی پێشکەوتووی ئاسمان بۆ ئاسمان دروست دەکات و کۆنگسبێرگی نەرویجیش سیستمی بەرگری موشەکی ناسامس دروست دەکات.

پێشبینی دەکرێت کۆمپانیاکانی لۆکهید مارتن و جەنەڕاڵ داینامیکس سەدان هەزاران تەقەمەنی تۆپهاوێژ و سەدان سیستمی بەرگری موشەکی پاتریۆت بفرۆشن، هەروەها داواکردنی ئوتومبێلی زریپۆشیش زیادیکردووە و ئەوەش فرۆشییەکانییان لە چەند مانگی داهاتوودا زیاتر دەکات.

دوو ڕێگای سەرەکی هەن بۆ حکومەتە بیانییەکان تاوەکو چەک لە کۆمپانیا ئەمەریکاییەکان بکڕن: لە ڕێی بازرگانی ڕاستەوخۆوە کە تێیدا حکومەتە بیانییەکە لەگەڵ کۆمپانیاکە خۆیدا گفتوگۆ دەکات، یاخود لە ڕێی فرۆشی سەربازیی بیانییەوە کە تێیدا حکومەتێک پەیوەندی بە بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکاوە دەکات لە باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە پایتەختەکەی ئەو وڵاتەدا. هەردوو ڕێگاکە پێویستی بە ڕەزامەندی حکومەتی ئەمەریکا هەیە.

لە ساڵی دارایی 2023 دا فرۆشییە سەربازییە ڕاستەوخۆکانی کۆمپانیا ئەمەریکاییەکان بۆ 157.5 ملیار دۆلار بەرزبووەوە، لە ساڵی 2022 دا فرۆشییەکانی کۆمپانیا ئەمەریکاییەکان 153.6 ملیار دۆلار بووە. هاوکات ئەو فرۆشییانەش کە لەلایەن حکومەتی ئەمەریکاوە ڕێکخرابوون لە ساڵی 2023 دا بەرزبووەوە بۆ 89.9 ملیار دۆلار، لە ساڵی 2022 دا فرۆشییەکان لەو ڕێیەوە 51.9 ملیار دۆلار بووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز، دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG