Accessibility links

واشنتن بەنیازە سیستمی بەرگری بە 2.4 ملیار دۆلار بە تایوان بفرۆشێت


ئەمەریکا ڕایگەیاند ڕازیبووە بە فرۆشتنی 100 سیستمی بەرگری موشەکی جۆری هارپوون بەنرخی 2.4 ملیار دۆلار بە تایوان، ئەمەش لەکاتێکدا دێت هەفتەی ڕابردوو ئەمەریکا بە گرێبەستێکی یەک ملیاری دۆلاری کۆمەڵێک چەکی بە تایوان فرۆشت و ئەوەش بووە هۆی توڕەبوونی چین.

ئەم ڕاگەیاندنەی ئەمەریکا چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە هات چین وتی سزا دەسەپێنێت بەسەر ئەو کۆمپانیا ئەمەریکیانەدا کە پەیوەستن بە گرێبەستەکانی چەکەوە لەگەڵ تایوان.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا وتی " گرێبەستەکە توانا بەرگرییەکانی ئەو وڵاتە بەهێز دەکات کە وەریدەگرێت و یارمەتیدەر دەبێت لە خستنەوەی سەقامگیری سیاسیی و هاوسەنگی سەربازی و پێشکەوتن لە ناوچەکەدا."

گرێبەستەکە 100 پاتری موشەکی بەرگری لە جۆری هارپوون لەخۆدەگرێت کە توانای هەڵگرتنی نزیکەی 400 موشەکی جۆری ئاڕ جی ئێم 84 ئێڵ-4یان هەیە و مەوداکەی دەگاتە 125 کیلۆمەتر.

ئەم موشەکانە بەشی پیشەسازی بەرگری کۆمپانیای بوینگ بەرهەمی دەهێنێت و دەتوانرێت لەسەر شوێنی جێگیر یاخود جوڵاویشدا دابندرێن.

ئۆفیسی سەرۆکی تایوان تسای ئینگ وین بەیاننامەیەکی دەرکرد و تیایدا سوپاسی ئەمەریکای کرد لەسەر گرێبەستەکە و وتی دەکرێت " توانا جەنگیەکانمان بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد بکات."

تایوان هەمیشە لەژێر ترسی ئەوەدا دەژی چین داگیری بکات، چەند جارێکیش پەکین ئاماژەی بەوەداوە ئەگەر پێویست بکات هێز بەکاردەهێنن بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی دوورگەکە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG