بەرپرسێکی ئەمەریکا ڕایگەیاند واشنتن ڕەوانەکردنی فڕۆکەی شەڕکەری F-16 لە دانیمارک و هۆڵەنداوە بۆ ئۆکرانیا پەسەند دەکات، ئەوەش بە زووترین کات دوای تەواوبوونی مەشقی فڕۆکەوانە ئۆکرانیاییەکان لەسەر چۆنێتی بەکارهێنانی ئەو فڕۆکەیە.
ئۆکرانیا چالاکانە هەوڵی بە دەستهێنانی فڕۆکەی شەڕکەری F-16 ی دروستکراوی ئەمەریکایدا، ئەوەش بۆ یارمەتیدانی لە ڕووبەڕووبوونەوەی باڵادەستی ڕووسیادا لە ئاسمان.
بەرپرسەکە وتی ئەمەریکا دڵنیایی داوە بە هۆڵەندا و دانیمارک لەسەر ئەوەی کە ئەمەریکا پەسەندکردنی داواکان بۆ گواستنەوەی فڕۆکەکان بۆ ئۆکرانیا خێراتر دەکات دوای ئەوەی فڕۆکەوانەکان مەشقەکان تەواو دەکەن.
وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا هۆپکە هۆیکسترا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی " پێشوازی لە بڕیارەکەی ئەمەریکا دەکەین بۆ ڕێگەخۆشکردن لەبەردەم ڕەوانەکردنی فڕۆکەی شەڕکەری F-16 دا بۆ ئۆکرانیا."
وتی " ئێستا، بابەتەکە زیاتر تاوتوێ دەکەین لەگەڵ هاوبەشە ئەوروپاییەکاندا."
وەزیری بەرگری دانیمارک جەیکۆب ئڵیمان جێنسن بە دەزگای هەواڵی ڕیتزاوی وت " حکومەت چەند جارێک وتوویەتی کە بەخشین هەنگاوێکی سروشتییە دوای مەشقەکان. لەگەڵ هاوپەیمانە نزیکەکاندا تاوتوێی دەکەین، پێشبینیش دەکەم بەزوویی بتوانین سوورتر بین لەسەر ئەو بابەتە."
وەزارەتی بەرگری دانیمارک ڕایگەیاند هاوپەیمانییەک کە لە 11 وڵات پێکهاتوون دواتر لەم مانگەدا لە دانیمارک دەست دەکەن بە پێدانی مەشق بە فڕۆکەوانە ئۆکرانییەکان لەسەر چۆنێتی بەکارهێنانی فڕۆکەی شەڕکەری F-16.
بەرپرسەکەی ئەمەریکا وتی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن نامەی ناردووە بۆ هاوتاکانی لە دانیمارک و هۆڵەندا و دڵنیای کردوونەتەوە لەسەر ئەوەی داواکان پەسەند دەکرێن.
بلینکن لە نامەکەیدا بۆ وەزیرانی بەرگری هۆڵەندا و دانیمارک نوسیویەتی " ئەمە دەنووسم بۆ ئەوەی پشتیوانی تەواوی ئەمەریکا دەرببڕم بۆ گواستنەوەی فڕۆکەی شەڕکەری F-16 بۆ ئۆکرانیا و بۆ مەشقی فڕۆکەوانە ئۆکرانیاییەکان لەلایەن ڕاهێنەرە شارەزاکانی F-16 ەوە."
بلینکن دەشڵێت " زۆر گرنگە ئۆکرانیا بتوانێت بەرگری لە خۆی بکات دژی دوژمنکارییە بەردەوامەکەی ڕووسیا و پێشێلکردنی سەروەی خاکی وڵاتەکە."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز