Accessibility links

دادگایەکی ئەمەریکا بڕیار دەدات کۆمپانیایەک 2.1 ملیار دۆلار بدات بۆ قەرەبووکردنەوەی 22 ژن


دادگایەکی پـیاداچوونەوە لە ویلایەتی میزوری ئەمەریکا بڕیاری داوە کۆمپانیای "جۆنسن ئاند جۆنسن" 2.1 ملیار دۆلاربدات بۆ قەرەبووکردنەوە 22 ژن لە بەرامبەر تووشبوونیان بە نەخۆشی شێرپەنجە لە ئاکامی بەکارهێنانی بەرهەمەکانی ئەم کۆمپانیایە.

دادگای پـیاداچوونەوەی ڕۆژهەڵاتی میزوری لە بڕیارەکەیدا دەڵێت کۆمپانیای Johnson & Johnson تاوانبارە بەوەی لەسەر بەرهەمەکانی نەینووسیبوو ماددەی تێدایە کە ڕەنگە هۆکاری تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە بێت، ئەمەش لە ئەنجامی کەمتەرخەمیـیە یان بە مەبەست نەنووسراوە. دەشڵێت ئەو زیانانەی بەر ئەو ژنانە کەوتوون تەنیا دارایی نیـین، بەڵکو جەستەیـیشن.

پارێزەرانی ژنەکان دەڵێن بەم بڕیارە هەر یەک لەو ژنانە یان کەسوکاریان بە لایەنی کەم بە 25 ملیۆن دۆلار قەرەبوو دەکرێنەوە. هەندێک لەو ژنانە بەهۆی نەخۆشیـیەکەیانەوە لە ژیاندا نەماون.

ئەم کۆمپانیایە کە بەرهەمەکانی لە سەرانسەری جیهان دەفرۆشرێن، نزیکەی 9 هەزار سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمارکراوە بەهۆی ئەو ماددەی ئەسبستەی لە دروستکردنی بەرهەمەکانی بەکاری دەهێنێت، دەڵێن تووشی نەخۆشی شێرپەنجە دەکات. بەڵام کۆمپانیاکە ڕەتیدەکاتەوە بەرهەمەکانی هۆکاری شێرپەنجە بن.

XS
SM
MD
LG