Accessibility links

بۆ یەکەم جار لە پاش 25 ساڵ دیموکراتێک دەبێتە سیناتۆر بۆ ویلایەتی ئەلەباما


دەگ جۆنزی دیموکرات توانی سەرکەوتن بەدەست بهێنێت لەو هەڵبژاردنەی ئەنجام درا بۆ پـڕکردنەوەی شوێنی سیناتۆرێـکی ویلایەتی ئەلەباما، ئەوەی لە مانگی دووەوە بە وەکالەت لە لایەن لوثەر ستەرنج بەڕێوەدەبرا لە پاش ئەوەی سیناتۆر جێف سێشنسی کۆماری لە لایەن سەرۆک ترامپەوە دەسـتنیشان کرا بۆ گرتنەدەستی پـۆستی وەزیری داد.

شەوی سێشەممە لە پاش جیاکردنەوەی تەواوی دەنگەکان ئەنجامی هەڵبژاردنەکە ڕاگەیەندرا. دەگ جۆنز بە دەنگی 49.9% سەرکەوتنی بەدەسـتهێنا و ڕۆی مۆر، ڕکابەرە کۆماریـیەکەی 48.4% ی دەنگەکانی بردەوە. نزیکەی 1.3 ملیۆن کەس بەشداریـیان لە پـرۆسەی دەنگدانەکەدا کرد، واتە بە جیاوازی 21 هەزار دەنگ دەگ جۆنز توانی سەرکەوتن بەدەستبهێنێت.

ڕۆی مۆری کۆماری لە میانەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکە تۆمەتبارکرا بەوەی لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو لەو دەمەی تەمەنی لە سیـیەکاندا بوو، کێچەڵی سێکسی کردووە بە کچانی خوار تەمەن 18 ساڵەوە. ئەم تۆمە وەهای کرد لە نێو کۆماریـیەکانیشدا دەنگی ناڕەزایی لە دژی بەرزبکرێتەوە. بەپـێی چاودێران بەشێکی زۆری ئەو وەرقە سپـیانەی خراونەتە نێو سندوقەکانی دەنگدانەوە هی ئەو کۆماریـیانە بووە کە ڕەخنەیان لە ڕۆی مۆر هەبووە.

ڕۆی مۆر
ڕۆی مۆر

لە بەرامبەریشدا دەگ جۆنزی دیموکراتی تەمەن 63 ساڵ توانی پشـتیوانیـیەکی باش بۆخۆی لە نێو ئەمەریکایـیە بە ڕەچەڵەک ئەفریکایـیەکان بەدەستبهێنێت لەو ویلایەتە زۆرینە کۆماریـیە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی لە ساڵانی شەستەکانی سەدەی ڕابردوو کاتێـک داواکاری گشتی فیدراڵی بووە، ئەندامانی بزوتنەوەی کۆ کلاکس کلانی بە تاوانبار ناساند لە تەقینەوەیەکدا کە لە کڵێسایەکی ئەمەریکایـیە بە ڕەچەڵەک ئەفریکایـیەکان کرابوو و بووە هۆی کوژرانی 4 ژن.

ئەگەربێت و ئەنجامی هەڵبژاردنەکە بە فەرمی لەلایەن ویلایەتی ئەلەباماوە پەسەندکرا، ئەوا دیموکراتەکان بۆ یەکەم جار لە پاش چارەکە سەدەیەک وەک نوێنەرێکی ئەلەباما دەگەڕێنەوە بۆ ئەنجومەنی سینات.

سەرۆک ترامپ کە پـشتیوانیـیەکی زۆری لە ڕۆی مۆر کرد، شەوی ڕابردوو لە پاش ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان پـیرۆزبایی لە دەگ جۆنز کرد، بەڵام گوتیشی ژمارەی زۆری وەرەقەی سپی نێو سندوقەکانی دەنگدان کاریگەری زۆریان لەسەر ئەنجامەکە هەبووە.

ڕۆی مۆر لای خۆیەوە ئامادە نیـیە دان بە شکستەکەی بهنێت و لە وتارێکیدا بۆ لایەنگرانی لە مۆنتگۆمری پایتەختی ویلایەتەکە گوتی" کاتێک ئەنجامەکان بەو ئاستە لە یەک نزیک دەبن، مەسەلەکە لێرەدا کۆتایی پـێنایەت."

پاشان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە دەیەوێت جارێکی دیکە دەنگەکان جیابکرێنەوە، بەڵام بەپـێی یاسای ویلایەتی ئەلەباما کاتێک شیانی هەیە پـیاداچوونەوە بە دەنگەکاندا بکرێتەوە ئەگەربێت و جیاوازی نێوان دوو ڕکابەر لە 0.5% کەمتر بێت، بەڵام جیاوازی نێوان دەگ جۆنز و ڕۆی مۆر 1.5%.

لە ئێستادا کاربەدەسـتانی ویلایەتی ئەلەباما بۆیان هەیە لە نێوان 26 ی مانگی دوازدە هەتا 3 ی مانگی یەکی ساڵی داهاتوو پـشتڕاستی بکەنەوە دەگ جۆنز براوەیە، ئەگەر بێت و بڕیار نەدرێت دەنگەکان جارێکی دیکە جیابکرێنەوە ئەوا دەگ جۆنز لە سەرەتای مانگی یەکی ساڵی داهاتووە هەتا سێ ساڵی دیکە پـۆستەکە دەگرێتەدەست ، ئەمەش بەو پـێـیەی جێف سێشنس سێ ساڵی لەو پـۆستە مابوو.

جێی ئاماژەیە هەموو ویلایەتێکی ئەمەریکا 2 سیناتۆری هەیە و ماوەی خولەکەیان 6 ساڵە.

XS
SM
MD
LG