Accessibility links

نیگەرانی لەنێو کاربەدەستانی ئەمەریکادا دوای هێرشە ئاسمانییەکانی لە عێراق


کاربەدەستانی سەربازی ئەمەریکا وتیان لەنزیکەوە چاودێری ڕەوشەکە دەکەن و ئاگاداری هەر کردەوەیەکی تۆڵەسەندنەوە دەبن ئەگەر وەکو وەڵامدانەوەی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا ئەنجام بدرێت.

ڕۆژی یەکشەممە ئەمەریکا کۆمەڵێک هێرشی ئاسمانی کردە سەر کەتائیب حیزبوڵڵا وەکو وەڵامێک بۆ هێرشە موشەکییەکەی سەر بنکەیەکی سەربازی عێراق کە تیایدا بەڵێندەرێکی ئەمەریکی کوژرا.

لەلای خۆیەوە کەتائیب حیزبوڵا هەڕەشەی ئەوەی کرد وەکو تۆڵەسەندنەوەیەک وەڵامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا دەداتەوە بۆ سەر بنکەکانیان لە عێراق و سوریا.

کاربەدەستانی ئەمەریکی وتیان هیچ گومانێکیان لەوەدا نیە کە ئەو گروپە چەکدارانە بەشێوەیەک لە شێوەکان وەڵام دەدەنەوە و ئەوەش دەبێتە هۆی زیادبوونی گرژییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران.

کاربەدەستێکی ئەمەریکی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە ڕۆیتەرزی وت " پێم وایە ئەوان وەڵام دەدەنەوە."

کاربەدەستێکی سەربازی دیکەی ئەمەریکا وتی نیگەرانی هەیە لەسەر ئەگەری ئەوەی ئەم ڕووداوانەی ئەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو ببنە هۆی ئەوەی کردەوەی تۆڵەسەندنەوە ئەنجام بدرێن.

کاربەدەستانی ئەمەریکی بە ڕۆژنامەنووسانیان وت واشنتن دانی بەخۆیدا گرتووە لەبەرامبەر دوژمنکارییەکانی ئێران و ئەو گروپ و کۆمەڵانەی کە تاران پشتیوانیان لێدەکات، بەڵام ڕوونمان کردەوە کە ئێستا کاتی ئەوەیە ڕووبەڕووی هەر دوژمنکارییەکی ئێران ببینەوە.

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکاش ئاماژەی بەوەدا " پێویستە لەسەر ئێران و کەتائیب حیزبوڵڵا چیتر هێرش نەکەنە سەر هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان."

کاربەدەستانی ئەمەریکا دەڵێن هێزەکانی ئەمەریکا لە ئێستادا چاوەڕێی ئەوە دەکەن ئێران و گروپە چەکدارەکانیان چی دەکەن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG