Accessibility links

لەشکری ئەمەریکا بە تەواوی لە ئەفغانستان کشایەوە


وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ڕایگەیاند شەوی دووشەممە لەسەر سێشەممە بە کاتی ئەفغانستان دوا سەربازانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان بە فڕۆکە ئەو وڵاتەیان جێهێشت، بەمەش کۆتایی بە درێژترین شەڕی ئەمەریکا هات کە نزیکەی 20 ساڵی خایاند.

جەنەڕاڵ کێنث مەککەنزی فەرماندەی فەرماندەیەتی ناوەندی لەشکری ئەمەریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە گوتی"من لێرەدام بۆ ئەوەی ڕایبگەیەنم کشانەوەمان لەڕ ئەفغانستان جێبەجێ کرد."

گوتیشی دوا فڕۆکەی C-17 کە فڕۆکەخانەی کابولی جێهێشت کاتژمێر 19:29 بوو بە کاتی گرێنچ کە دەکاتە 11:59 ی شەوی ئەفغانستان.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد هەرچەندە گواستنەوەی خەڵکی بە ڕێگەی لەشکری کۆتایی هات، بەڵام کاری دیپـلۆماسی بەردەوام دەبێت بۆ گواستنەوەی هاوڵاتی ئەمەریکای یان ئەفغانی لەوانەی دەیانەوێت ئەفغانستان جێبهێڵن.

جەنەڕاڵ مەککەنزی گوتیشی لەوەتای 14 ی مانگی هەشتەوە و هەتا ئەمشەوی دووشەممە واتە لە ماوەی 18 ڕەۆژدا زیاتر لە 123 هەزار کەسی سیڤیل لە فڕۆکەخانەی کابول گواستراونەتەوە.

جێی ئاماژەیە لە ساڵی 2001 و لە پاش هێرشەکانی 11 ی سێپتەمەر بۆ سەر ئەمەریکا و ئاشکرابوونی ڕۆڵی ڕێکخراوی ئەلقاعیدە لە هێرشەکاندا، واشنتن داوای لە تاڵیبان کرد ئوسامە بن لادن ڕێبەری ئەو کاتەی ئەلقاعیدە ڕادەستبکات هەتا لەسەر ئەو تاوانە دادگایی بکات، بەڵام تاڵیبان ئامادە نەبوو، بۆیە ئەمەریکا بڕیاری شەڕی لە دژی تاڵیبان ڕاگەیاند.

XS
SM
MD
LG