Accessibility links

پەمپـێیۆ: سەرۆک ترامپ خوازیارە ژمارەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان زۆر کەمبکاتەوە


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت سەرۆک ترامپ خوازیارە بەر لە هەڵبژاردنەکانی مانگی یازدەی ساڵی 2020 ژمارەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان زۆر کەمبکرێنەوە.

مایک پەمپـێیۆ ئەمڕۆ دووشەممە لە میانەی بەشداریکردنی لە کۆڕێکدا لە یانەی ئابوری واشنتن، لەم بارەیەوە پـرسیاری لێکرا، ئەویش لە وەڵامدا گوتی" ئەوە ڕێنمایـیەکانی سەرۆکە کە بە ڕوونی پێی گوتوین کۆتایی بەو شەڕانە بهێنن کە کۆتایـیان پـێ نایەت وە دەستبکەن بە کشانەوە."

جێی ئاماژەیە سەرۆک ترامپ لە میانەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی 2016 بەڵێنی بە ئەمەریکایـیەکان دا هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان بکشێنێتەوە، بەڵام کاتێک دەسەڵاتی گرتەدەست بڕیاری دا ژمارەی زیاتری سەرباز بۆ ئەفغانستان ڕەوانەبکرێن. لە ئێستادا نزیکەی 14 هەزار سەربازی ئەمەریکایی لە وڵاتەدا هەن.

ماوەی ساڵێکە بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ترامپ دانوستاندنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ تاڵیباندا دەکات بە ئامانجی گەیشتن بە ڕێکەوتنێکی ئاشتی و کۆتایی‌هێنان بە شەڕی نێو ئەفغانستان.

پەمپـێیۆ لە بارەی ئەو دانوستاندنانە گەشبینی خۆی دەربڕی و گوتی بەرەوپـێشچوونێکی باش بەدەستهاتوون.

زاڵمای خەلیل زاد بەرپـرسی ئەمەریکا لە دانوستاندنەکان لە ئێستادا لە کابولی پایتەختی ئافغانستانە و بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوو بگاتە دۆحەی پایتەختی قەتەر تاوەکو لەوێ وتووێژی نوێ لەگەڵ نوێنەرانی تاڵیبان ئەنجام بدات.

XS
SM
MD
LG