Accessibility links

وەزیری بەرگری ئەمەریکا دەگاتە ئەفغانسـتان


وەزیری بەرگری ئەمەریکا بە سەردانێـکی پـێشتر ڕانەگەیەندراو گەیشتووەتە ئەفغانستان بە مەبەستی وتووێژکردن لە بارەی ڕەوشی ئاسایشی لەو وڵاتە لەگەڵ کاربەدەسـتانی ئەفغانی و هەروەها فەرماندە لەشکریـیەکانی ئەمەریکا لەوێ.

ئاشتۆن کارتەر ئەمڕۆی سێشەممە بە فڕۆکە لە بەغداوە گەیشتە بنکەی لەشکری بەگرام لە باکوری کابولی پایتەخت و لەوێ لەلایەن فەرماندە لەشکریـیەکانی ئەمەریکاوە پـێشوازی لێکرا.

بڕیارە لەگەڵ ئەشرەف غەنی سەرۆکی ئەفغانسـتان لە کابول کۆبـبێتەوە و پاشان پـێکەوە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش ئەنجام بدەن.

ئەم سەردانەی ئاشتۆن کارتەر بۆ ئەفغانسـتان پاش ئەو بەڵێـنانەی ئەمەریکا و ناتۆ دێت کە هێزی لەشکری خۆیان لە ئەفغانسـتان بهێڵنەوە لەم کاتەی هێشتا ڕەوشی ئاسایشی لە چەند ناوچەیەکی ئەو وڵاتە جێگیر نیـیە.

سەرۆک ئۆباما ڕۆژی چوارشەممە ڕابردوو لە لێدوانێـکیدا لە کۆشکی سـپی گوتی فەرمانی کردووە هەتا کوتایی ماوەی سەرۆکایەتیـیەکەی لە مانگی یەکی ساڵی داهاتوو 8400 سەربازی ئەمەریکایی لە ئەفغانسـتاندا بمێنـنەوە. جێی ئاماژەیە نزیکەی ساڵێـک لەمەوبەر سەرۆک ئۆباما بڕیاری دابوو ئەو 9800 سەربازەی ئەمەریکا لە ئەفغانسـتانن بۆ 5500 کەم بکرێنەوە.

ناتۆش لای خۆیەوە بڕیاری داوە 12 هەزار سەربازی هەتا ساڵی 2017 لە ئەفغانسـتاندا بمێنـنەوە.

XS
SM
MD
LG