سەرۆک ترامپ لە پەیوەندیەکی تەلەفونیدا لەگەڵ ئەشرەف غەنی سەرۆکی ئەفغانستان، هاوخەمی قوڵی خۆی درەبڕی بۆ قوربانیـیانی تەقینەوەکەی دوێنێ چوارشەممە، ئەوەی لە نزیک ناوچەی دیپـلۆماسی لە کابولی پایتەخت ڕوویدا و بووە مایەی کوژرانی بەلایەنی کەم 90 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 300 کەسی دیکە.
پاشان سەرۆکی ئەمەریکا بە توندی هێرشەکەی شەرمەزارکرد و داوای لە سەرۆکی ئەفغانی کرد سەرەخۆشی خۆی بە کەسوکاری کوژراوەکان بگەیەنێت و هیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ بریندارەکان دەخوازێت.
سەرۆکی ترامپ هەروەها باسی لە خەسڵەتی دڕندانەی تێرۆرستان کرد کە لە دەمی مانگی ڕەمەزاندا خەڵکی دەکەنە ئامانج و دوژمنایەتی هەموو خەڵکی شارستانیخواز دەکەن.
دواتر ستایشی ئازایەتی و بوێری ئەفغانیـیەکانی کرد بۆ زوو بە هاناچونی بریندارەکان و هەروەها هەوڵە بەردەوامەکانی هێزە ئاسایشیـیەکانی ئەفغانستانی بەرزنرخاند کە بەرگری لە خەڵکی ئەفغانستان دەکەن لە بەرامبەر ئەو دوژمنانەی هەوڵ دەدەن ئەفغانیـیەکان لە ئارامی و گەشەپـێدان بێ بەش بکەن.
باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە کابول لەگەڵ ئەفغانیـیەکان و هاوپەیمانان کاردەکات بۆ کۆمەکردنی قوربانیانی هێرشەکە و یارمەتیدانی حکومەتی یەکگرتووی نیشتمانی ئەفغانستان لە دۆزینەوەی ئەوانەی لە پشت ئەم هێرشە تاوانکاریەوە بوون.
هاوکات ڕێکس تیلەرسن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بەیانـنامەیەکی لە بارەی تەقینەوەکەی کابول ڕاگەیاند و ئەویش سەرەخۆشی لە کەسوکار و هاوڕێی قوربانیـیەکان کرد و جەختی کردەوە کە وابەستەیی ئەمەریکا بە ئەفغانستان جێگیرە و دووپاتی کردەوە ئەمەریکا لە پاڵ حکومەت و خەڵکی ئەفغانستاندایە و بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنیان بۆ گەیشتن بە ئاشتی و ئارامی گەشەپـێدانی وڵاتەکەیان.