Accessibility links

زەڵمای خەلیلزاد: ڕێکەوتنی ئاشتی ئەفغانستان لەسەر تاڵیبان وەستاوە شەڕ ڕابگرێت


نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ ئەفغانستان زەڵمای خەلیلزاد وتی هەر ڕێکەوتنێکی ئاشتی لەگەڵ تاڵیباندا بەندە بە ڕاگەیاندنی ئاگربەستێکی هەمیشەیی و پابەندبوون بە کۆتای هێنان بە جەنگی ناوخۆی ئەفغانستانەوە.

خەلیلزاد لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەڵوع نیوز کە گەورەترین کەناڵی تەلەفیزیۆنی تایبەتە لە ئەفغانستان وتی داوا سەرەکییەکەی تاڵیبان کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکایە لە وڵاتەکەدا.

وتیشی " ئێمە سەنگمان خستۆتە سەر تیرۆر، هیچ ڕێکەوتنێک ڕوونادات تاوەکو ئاگربەستێکی هەمیشەیی و پابەندبوون بە کۆتای هێنانی جەنگەوە نەبینین. ئێمە هەوڵ بۆ ئاشتی و چارەسەرێکی سیاسیی دەدەین. دەمانەوێت ئاشتی هەلێکمان بۆ کشانەوە بداتێ."

ڕۆژی شەممە زەڵمای خەلیلزاد گەیشتە ئەفغانستان بەمەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی ئەفغانستان ئەشرەف غەنیدا لە چوارچێوەی گەشتەکەیدا بۆ کۆمەڵێک وڵات پێش کۆبوونەوەکەی لەگەڵ تاڵیباندا لە قەتەڕ.

جێی ئاماژەیە ئەمەریکا نزیکەی 14 هەزار سەربازی لە ئەفغانستاندا هەیە لە چوارچێوەی ئەو ئەرکەدا کە هاوپەیمانێتی ناتۆ ڕابەرایەتی دەکات و ئەرکەکە پێکهاتووە لە پشتیوانیکردن و مەشق پێکردنی هێزەکانی ئاسایشی سەر بە حکومەتی ئەفغانستان.

لەلای خۆیەوە سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ دەیەوێت ڕێکەوتنێک بکات بۆ کۆتای هێنان بە درێژترین جەنگی ئەمەریکا کە لەدوای هێرشەکانی یانزەی سێپتێمبەرەوە تاڵیبانی لەسەر دەسەڵات لابرد.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG