Accessibility links

واشنتن: بەڵگەمان هەیە کەشتیە ئێرانییەکە نەوتی گواستۆتەوە بۆ سوریا


وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی واشنتن بەڵگەی هەیە لەسەر ئەوەی کەشتیە نەوت هەڵگرە ئێرانییەکە ( ئادریان داریا 1 ) نەوتی خاوی گواستۆتەوە بۆ حکومەتی سوریا و ئەو بەڵێنانەی پێشێل کردووە کە نەوت نەفرۆشێت بە سوریا.

لە چواری مانگی حەوتدا هێزی دەریای بەڕیتانیا دەستیان گرت بەسەر کەشتیە نەوت هەڵگرە کەی ئێراندا کە ئەو کات بە ( گرەیس 1 ) ناسرابوو، بەهۆی ئەوە گومانی ئەوەی لێدەکرا نەوت ببات بۆ سوریا، ئەوەش پێشێلکردنی سزاکانی یەکێتی ئەوروپایە بۆ سەر سوریا.

دوای ئەوەی بەرپرسانی ئێرانی دڵنیاییاندا لەسەر ئەوەی کەشتیەکە نەوت نابات بۆ سوریا، لە مانگی هەشتدا بەرپرسانی جەبەل تاڕیق کەشتیەکەیان ئازاد کرد.

وەزارەتی دەرەوەی بەڕیتانیا ڕۆژی سێشەممە وتی سەرەڕای دڵنیاییەکانی ئێران کەشتیە ئێرانییەکە نەوتی خاوە بە حکومەتەکەی سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد فرۆشتووە و نەوتەکە بۆ سوریا گواستراوەتەوە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا مۆرگان ئۆرتاگۆس کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی کە ئایا ئەمەریکا بەڵگەی هەیە لەسەر ئەوەی کەشتیە نەوت هەڵگرەکەی ئێران نەوتی ڕادەستی سوریا کردبێت، لە وەڵامدا وتی " بەڵی ڕژێمی ئێرانی نەوتی ڕادەستی سوریا کردووە، ئەو سوتەمەنیەش ڕاستەوخۆ دەچێت بۆ موشەکەکانی هێزەکانی سوریا کە سورییە بێتاوانەکان دەکوژن."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG