Accessibility links

سەرچاوەکان: ئەمەریکا بە نیازە تانکی ئابرامز بدات بە ئۆکرانیا


تانکی ئابرامس
تانکی ئابرامس

بەرپرسێکی ئەمەریکا و سەرچاوەیەکی نزیک لە بابەتەکەوە دەڵێن وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا پلانی هەیە تانکی ئابرامز بدات بە ئۆکرانیا، بڕیارە تاوەکو پایزی ئەم ساڵ تانکەکان بدات بەو وڵاتە.

لە مانگی یەکدا بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن بەڵێنیدا 31 تانکی M1A2 ئابرامز بدات بە ئۆکرانیا. ئەمەش دوای ئەوەی ئەمەریکا دوودڵ بوو لە پێدانی ئەو تانکە چونکە پاراستن و هێشتنەوەی تانکەکە بە چالاکی کارێکی قورس دەبێت بۆ ئۆکرانیا. یەکێک لە بەرپرسەکان وتی پلانە نوێیەکە تانکی M1A1 SA ئابرامز لە خۆدەگرێت کە بەو سوتەمەنییە ئیش دەکات کە سەرجەم تانکەکانی دیکەی ئۆکرانیا لەسەری ئیش دەکەن. یاریدەدەرێکی کۆنگرێسی ئەمەریکا وتی گۆڕانکارییەکە گەیاندنی تانکەکان بۆ نزیکەی ساڵێک خێراتر دەکات.

وتەبێژی کۆشکی سپی جۆن کیربی بە کەناڵی MSNBC ی وت " کار لەسەر ئەوە دەکەین. هەندێک گۆڕانکاری هەیە کە دەتوانیت بیکەیت بۆ ئەوەی پڕۆسەکە خێراتر بێت."

یاریدەدەرەکەی کۆنگرێس کە ئاگاداری بابەتەکەیە بە ڕۆیتەرزی وت چەندین بژاردە بە وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن وتراوە بۆ ئەوەی پڕۆسەی گەیاندنی تانکەکان خێراتر ببێت و سوورن لەسەر ئەوەی ماوەی گەیاندنەکە بۆ نزیکەی یەک ساڵ کەم بکرێتەوە.

نموونەی ئەو بژاردانەی کە دەکرێت ئۆستن هەڵسەنگاندنییان بۆ بکات بریتین لە گۆڕینی شوێنەکان لە ‌هێڵی چاوەڕوانی گەیاندنەکان، یاخود بەکارهێنانی ئەو تانکە ئەمەریکییانەی کە پێشتر کەلوپەلە هەستیارەکانیان لێکراوەتەوە، بۆ ئەوەی نەتوانرێت لەلایەن هێزەکانی ڕووسیاوە دەستی بەسەردا بگیرێت و توێژینەوەیان لەسەر بکرێت.

لە ئێستادا کۆمپانیای جەنەڕاڵ داینامیکس کۆرپ مانگانە نزیکەی 12 تانکی ئابرامز بەرهەم دەهێنێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG