Accessibility links

پێنج کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 40 کەسی دیکە برینداربوون دوای ئەوەی ئوتومبێلێک لە ئەمەریکا خۆی دەکات بە قەرەباڵغییەکدا


ئوتومبێلێک بەخێراییەوە خۆی کرد بە نمایشێکی کریسمسدا لە واکیشەی ویلایەتی ویسکۆنسنی ئەمەریکا و بەهۆیەوە پێنج کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 40 کەسی دیکە برینداربوون.

سەرۆکی پۆلیسی واکیشە دان تۆمسن وتی گومانلێکراوەکە دەستبەسەرکراوە و ئوتومبێلەکەش دەستی بەسەردا گیراوە.

وتی " لە ئێستادا دەتوانین گیان لەدەستدانی پێنج کەس و برینداربوونی زیاتر لە 40 کەسی دیکە پشتڕاست بکەینەوە، بەڵام ئەم ژمارانە لەوانەیە گۆڕانکارییان بەسەردا بێت لەکاتێکدا زانیاریی زیاتر کۆدەکەینەوە، زۆرێک لە بریندارەکان خۆیان چوون بۆ نەخۆشخانەکان."

تۆمسن وتی هێشتا نەزاندراوە ڕووداوەکە کردەوەیەکی تیرۆریستیە یاخود نا.

لە گرتە ڤیدیۆیەکدا کە لە ئینتەرنێت بڵاوکراوەتەوە ئوتومبێلێکی سوور بەخێراییەوە خۆی دەکات بە نمایشەکەدا، خۆی دەکێشێت بە کۆمەڵێک خەڵکدا.

تۆمسن وتی ئەفسەرێکی پۆلیس تەقەی لە ئوتومبێلەکە کردووە و هیچ کەسێکیش بریندارنەبووە. وتی پێمان وانیە لە ئوتومبێلەکەوە تەقە کرابێت وەکو چۆن لە هەواڵەکانی پێشوودا باسی لێوەکراوە.

بەرپرسێکی کۆشکی سپی وتی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لە ڕووداوەکە ئاگادار کراوەتەوە، وتیشی " کۆشکی سپی لەنزیکەوە چاودێری ڕەوشەکەی واکیشە دەکات و بە دڵ لەگەڵ سەرجەم ئەوانەداین کە بەهۆی ئەم ڕووداوە خراپەوە زیانیان بەرکەوتووە. پەیوەندییمان بە ویلایەتەکە و بەرپرسانی ناوخۆوە کردووە تاوەکو بتوانین هەر پشتیوانیەک و یارمەتیەک پێویست بێت پێشکەشی بکەین."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG