ئەمەریکا هەوڵەکانی ڕووسیا بۆ تاقیکردنەوەی موشەکی دژە سەتەلایت بەرامبەر بە یەکێک لە سەتەلایتە ڕووسیایەکان، شەرمەزار دەکات.
ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە لە بەیاننامەیەکدا تاقیکردنەوەکەی ڕووسیای بە نابەرپرسیارانە وەسف کرد و گوتی ئەو کارەی ڕووسیا بووەتە هۆی دروستبوونی خۆڵ و خاشاکی واڵایی و ئەمەش ژیانی ئاسمانگەڕان و تەندروستی وێستگەی واڵایی نێودەوڵەتی و بەرژەوەندی هەموو وڵاتان دەخاتە مەترسییەوە.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە ڕاگەیەندراوەکەدا دەڵێت ڕووسیا لە 15ی مانگی10ی ئەمساڵ لە تاقیکردنەوەیەکی شەڕانگێزانەدا لە ڕێگای موشەکێکی دژە سەتەلایتەوە یەکێک لە سەتەلایتەکانی خۆی کردوەتە ئامانج.
بە گوتەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، تاقیکردنەوەکەی ڕووسیا تاوەکو ئیستا زیاتر لە 1500 پارچە پاشماوەی لە واڵایی ئاسماندا لێکەوتوەتەوە و پێدەچێت سەدان هەزار پارچەی بچووکتریش لەو پاشماوانە بەرهەمبێت. بلینکن هۆشداری داوە کە ئەم پاشماوانەی واڵایی ئاسمان، ئاسایشی سەتەلایتەکان کە بۆ ئابووری و ئاسایشی نیشتمانی گرنگە، دەیانخاتە مەترسییەوە.
بلینکن هەروەها جەختیشی لەوە کردەوە کە هەنگاوەکەی روسیا بە پێچەوانەی ئەو بانگەشەیە کە دەڵێت لە هەوڵی چەککردنی واڵای ئاسماندا نییە و گوتیشی روسیا ئامادەیە بە ڕەفتاری نابەرپرسانە مەترسی بخاتە سەر بەردەوامی بەکارهێنانی واڵایی ئاسمان.
هەروەها فەرماندەیی واڵایی ئەمەریکا لە لێدوانێکی هاوشێوەدا گوتی پاشماوەکان بۆ چەندین ساڵ و تەنانەت بۆ دەیان ساڵ لەخولگەدا دەمێننەوە و لەوانەیە مەترسییەکی بەرچاویان هەبێت لەسەر دەستەی وێستگەی واڵایی نێودەوڵەتی و چالاکییەکانی تر لە واڵایی ئاسمان و هەروەها بۆ سەر سەتەلایتی وڵاتانی دیکەش.
لە بەیاننامەکەدا بە ئاماژدان بە گوتەی ژەنەراڵ جەیمس دیکنسۆن، ڕاگەیەندراوە کە ڕووسیا چالاکانە کار بۆ ڕێگەگرتنی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی دەکات لە دەستگەیشتنیان و بەکارهێنانی واڵایی ئاسمان و گوتیشی تاقیکردنەوەکان دەریدەخەن کە ڕووسیا بەردەوامە لەهەوڵەکانی بۆ بەدەستهێنانی سیستەمی چەکی دژە واڵایی کە سەقامگیری ستراتیژی لاواز دەکات و مەترسیش لەسەر هەموو وڵاتان دروست دەکات.